حەماس ئاگر بەستی پەسەند کرد

K24 - هەولێر
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی حەماس، لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، پێداچوونەوەی بەو ڕێوشوێنانە کرد، کە پێویستن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی ئاگربەستی ڕێککەوتنی لەسەرکراو.
بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕوونی کردەوە، هەنییە پەیوەندی بە میری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی کردووە و ڕۆڵی قەتەری بەرز نرخاندووە لەو گفتوگۆیانەی نێوان هەردوولا، ئاگاداریشی کردووەتەوە لە پەسەندکردنی بزووتنەوەکە لەسەر پێشنیاری ئاگربەست ڕێککەوتن کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر پێشنیارکرا ئەمڕۆ پەسەندکرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا پێداچوونەوەیان بەو ڕێوشوێنانە کردووە کە پێویستن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر پێویستی ئیسرائیل کردووەتەوە کە پابەند بێت بەو ئاگر بەستەی پێشنیاز کراوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ.
حەماس ڕاشیگەیاند، لە پەسەند کردنی پشنیازی ئاگربەستی کەرتی غەززە نێوەندگرانی قەتەر و میسری ئاگادار کردووەتەوە.
لای خۆیەوە سەرچاوە ئیسرائیلییەکانی بەشدار لە دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ڕۆژنامەی "یسرائیل حەیۆم" پشتڕاستیان کردووەتەوە، پرۆسەی چۆڵکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی لە ڕەفەح لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی پلان بۆ داڕێژراو لە ناوچەکەدایە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، "تا چۆڵکردنەکە تەواو دەبێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێدەکات، ئەمەش ڕەنگە ڕێگە بە حەماس بدات هەڵوێستی خۆی نەرم بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە قبوڵ بکات".
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێستە هێزەکانیان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانی بزووتنەوەی حەماس لە ناوچەی ڕەفەحی ڕۆژهەڵات. ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیلیش، بڕیارێکی کۆدەنگی دەرکرد بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕەفەح بۆ فشارخستنە سەر حەماس.