حکوومەتی فەرەنسا: ڕێژەی ڕق بەرامبەر بە جووەکان لەو وڵاتە زیادی کردووە

K24 - هەولێر

لە فەڕەنسا رەفتاری دژە جوو بەراورد بەساڵی ڕابردوو لە 300% زیادیکردووە.

پێگەی حکوومەتی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، ڕێژەی ڕەفتاری ڕق ئامێز دژی جووەکانی ئەو وڵاتە لەچارەکەی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە 300%زیادیکردووە.

لەو بارەیەوە گابرێل ئاتال، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەدا، دیاردەی ڕق ئامێز و ڕەفتاری توند بەرامبەر جووەکان لە فەڕەنسا بوونی هەیە و کەس نکۆڵی لەوە ناکات.

سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا گووتیشی، جووەکان لە 1% دانیشتووانی فەڕەنسا پێکدەهێنن، بەڵام لە 60% ئەو توندوتیژیانەی بەهۆکاری ئاینی ئەنجامدەدرێن، دژی جووەکانە.

ئەمەش لە ئەنجامی ئەو شەڕەی زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.