تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆ دەستی پێکرد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، 7-5-2024، تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و تاوەکو 14ـی مانگ بەردەوام دەبێت.

دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی دەستی پێکرد، هەروەها لەسەنتەری شاری هەولێر 16 هەزار و 902 قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەی نیشتیمانی دەکەن، هەورەها ئەو قوتابیانە بەسەر 247 هۆڵی تاقیکردنەوەدا دابەشکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە تەواوی ئامادەکاری کردووە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، هەر لە دابینکردنی شوێنی تاقیکردنەوەی قوتابی، دانانی پرسیار، ئامادەکردنی فۆرمی سۆما بۆ وەڵامدانەوەی قوتابیان، دەشڵێت ئامادەکارییەکەی تەواو لە سەرجەم قوتابخانەکاندا کراوە.

دلێر عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەو دۆخەی لەسلێمانی ڕوویدا کە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردبوو، وەزارەتی پەروەردە پێداچوونەوەی بە پرۆگرامی خوێندنی پۆلی نۆ کردەوە و لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕێکی خستەوە، ئەوبەشانەی دیاریکراون بۆ قوتابیان هەمووی خوێندراوە.

گوتیشی: تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم کە ئەمڕۆ دەستی پێکردووە تا 14ـی مانگ بەردەوام دەبێت، هەروەها خولی دووەمیش لە 26ـی 5 دەست پێدەکات.

سەبارەت بە پۆلی 12 ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، لە 23ـی 6ـی 2024، دەست پێدەکات، لە ئێستاوە ئامادەسازییەکان دەستی پێکردووە.

لەبارەی نمرەکانی پۆلی نۆ جەختیکردەوە، پۆلی نۆیەکان لە 40% نمرە لەگەڵ خۆیان دەبەن لە تاقیکردنەوەکانیش لە سەر 60 نمرە تاقیکردنەوە دەکەن.