جێگری پارێزگاری هەولێر: ڕێنماییەکانی ڕێکخستنەوەی بازاڕی قەیسەری جێبەجێ دەکرێت

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

جێگری پارێزگاری هەولێر، رادەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری بەردەوامە و، هاوکات ڕێنماییەکانی ڕێکخستنەوەی بازاڕی قەیسەری جێبەجێ دەکرێت.

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەولێر بەناوبانگە بە قەڵا، منارە و بازاڕی قەیسەری، حکوومەت گرنگییەکی زۆر بەو سێ شوێنە دەدات چونکە ناسنامەی شاری هەولێرن، هەروەها خەڵکی شاری هەولێر زۆر دڵگران و خەمبارن بە سووتانی بازاڕی قەیسەری.

جێگری پارێزگاری هەولێر، راشیگەیاند، لەو زووانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکرێن و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە بۆ ڕای گشتی رادەگەیەنرێت، هاوکات هۆکاری سووتانی بازاڕەکانی شاری هەولێر جیاوازن لە یەکدی.

ناوبراو باسی لە رێنماییەکانی شارەوانی و قایمقامییەت کرد کە پێویستە دوکاندار و کاسبکاران جێبەجێی بکەن و گوتی: جێبەجێنەکردنی رێنماییەکان لەلایەن دوکاندار و کاسبکاران یەکێکە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕەکان. جەختی لەوەش کردەوە، هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان هۆکارێکی سەرەکی ئاگرکەوتنەوە و تەشەنەسەندنی ئاگرە بۆ دووکانەکانی ڕیزی خۆی و، ئەمەش وادەکات کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت.

لەبارەی نۆژەنکردنەوەی دوکانەکانی بازاڕی قەیسەرییەوە دەڵێت: ئەو دوکانانەی کە زیانیان بەرنەکەوتووە خاوەنەکانیان دەتوانن بیکەنەوە و دەست بە کار و کاسبی خۆیان بکەن، بۆ ئەوانی دیکەش ئەو لیژنەیەی کە لە پارێزگای هەولێر پێکهێنراوە لەسەر هێڵن بۆ چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەی دووکانە سووتاوەکان.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کاتێک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بازاڕی قەیسەری بەسەر کردەوە کاسبکارانی دڵنیا کردەوە، کە درێخی ناکەن لە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە.

لەبارەی پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕی قەیسەری، جێگری پارێزگاری هەولێر گوتی: ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانراون تا ئێستا رۆڵیان لە پاراستنی بازاڕەکە وەک پێویست نەبووە، ئێمە پێمان باشە ئەمنییەتی بازاڕی قەیسەری بە ئاسایش و پۆلیس بسپێردرێت.

شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بەسەرکردەوە و لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: کاسبکارانی بازاڕەکەم دڵنیا کردەوە کە درێخى ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.