هێرشی چەکداریی کرایە سەر نووسینگەیەکی دەم پارتی

دیمەنی بەردەم نووسینگەکەی دەم پارتی کە هێرشی کراوەتە سەر
دیمەنی بەردەم نووسینگەکەی دەم پارتی کە هێرشی کراوەتە سەر

K24 - هەولێر

هێرشی چەکداری کرایە سەر نووسینگەی دەم پارتی لە شاری رحای باکووری کوردستان؛ هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-05-2024، لە قەزای بیرەجیکی سەر بە پارێزگای رحای باکووری کوردستان؛ هێرشێکی چەکداری کرایە سەر نووسینگەی دەم پارتی.

لە هێرشەکە چەکدارییەکەدا وەکو ئەوەی میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، 14 گولـلـە ئاراستەی باڵەخانەی نووسینگەکە کراون، بەڵام هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها جامەکانی نووسیگەکە شکاون.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، تیمەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای رحا لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەست پێ کردووە و لە هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە بەردەوامن.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 31-03-2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو. دەم پارتی 82 شارەوانی و سێ گەورەشارەوانی لە باکووری کوردستان بەدەستهێنا.

لە ماوەی ڕابردوودا داخستنی دەم پارتی جارێکی دیکە لە رۆژەڤی تورکیا ڕەنگی داوەتەوە. بابەتەکە دوای ئەوە گەرمبووەتەوە کاتێک دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە دەم پارتی لەو شارەوانییانەی کە لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری ئەمساڵ بەدەستی هێناون، ئاڵای تورکیایان لە ناو باڵەخانەکە لاداوە و وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەیان لاداوە.

داخستنی پارتە کوردییەکان یان ئەو پارتانەی کە بەدوای فەراهەمکردنی مافی کوردانن لە تورکیا شتێکی نوێ نییە و تا ئێستا حەوت پارت بە بڕیاری دادگا داخراون و دوو پارتیش خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە. چاوەڕێ دەکرێت داخستنی دەم پارتی دەبێتە بابەتی رۆژەڤی چەند رۆژی ئایندەی سیاسەتی تورکیا.