هەرێمی کوردستان لە ئاستی عێراقدا بووەتە پێگەیەکی گرنگی بازرگانیی

K24 – سلێمانی:

عێراق ساڵانە بە بەهاى زیاتر لە 60 ملیار دۆلار کاڵا هاوردە دەکات، زۆربەى ئەو کاڵایانەش لە  تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، کە هەردووکیان هاوسنوورن لەگەڵ هەرێمى کوردستان و بە شێوەیەکى گشتى لە دەروازەکانى ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخانەوە زۆرینەى ئاڵوگۆڕەکە دەکرێن. هەرێمی کوردستان بووەتە پێگەیەکی سەرەکیی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتان و وەکو ناوەندێکی ترانزێتی بازرگانیی بەکار دەهێنرێت.

لەنێو بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان زۆرینەى ئەو کاڵایانەى لە بازاڕەکان دەبینرێن لە وڵاتان هاوردە دەکرێن، بەتایەتیش تورکیا و ئێران. عێراق ساڵانە بڕی نزیکەى 18 ملیار دۆلار کاڵا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، لە تورکیاشەوە بە بڕی  نزیکەى 12 ملیار دۆلار کاڵا هاوردە دەکات.

مستەفا ڕەحمان، سەرۆکى یەکێتىی هاوردە و ناردنکارانى هەرێمى کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە نزیکەی دوو هەزار کۆمپانیا شت لە وڵاتانەوە دەهێنێتە هەرێمی کوردستان، ئەو کاڵایانەی کە لە تورکیاوە دێت هەموویان لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە دێتە ناو عێراقەوە.

ئاماژەی بەوەدا، کاڵای چین و وڵاتە عەرەبییەکان  لە ڕێی بەسرەوە دێتە ناوەوە ئەو ووڵاتانەی ئەوروپاش لە ڕێگای تورکیاوە هەر لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە دێتە ناو عێراقەوە ئەوانەی تریش لە ڕێی ترەبیلەوە دێتە ناو عێراقەوە.

تا ئێستا لە سلێمانی چەندین پيشانگا کراوەتەوە کە پێک دێن لە پێشانگاکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و ئەو بەرهەمانەی لە عێراق بەرهەم دێت، هەروەها پێشانگای کتێب و فێستڤاڵی بەهار و هەندێک جار فێستڤاڵی پایزەش دەکرێتەوە، هەموو ئەو کۆمپانیانەش کە لەدەرەوە بەشداری دەکەن و بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن بۆ کارکردن، کارئاسانی زۆریان بۆ دەکرێت.

لای خۆیەوە حەسەن ڕەحیم، بەرێوەبەرى گشتىی پێشانگەى نێودەوڵەتى سلێمانى بە کوردستان24ـی گوت:هەر پێشانگایەک کە دەکرێتەوەو کۆمپانیا بیانییەکان تیایا بەشدارن لە قۆناغی یەکەمدا کارئاسانی زۆریان بۆ دەکرێت، نەک باج نادەن بەڵکو ئاسانکارییان بۆ دەکرێت تا بەرهەمەکانیان بهێنن لێرە نمایشی بکەن، دوای ئەوەی کە دەیهێننە ئێرە لەگەڵ کۆمپانیاکان ڕێککەوتن دەکەن و گرێبەست دەکەن دەتوانن کۆمپانیاییەکی بەرهەمهێن بنیات بنێنن لە کوردستان.

كۆمپانیاكان بە سێ رێگەی وشكانی، دەریایی و ئاسمانی كاڵا بۆ ھەرێمی كوردستان و عێراق، ھاوردە دەكەن. حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش ھەوڵی داوە لە ڕێگەی یاسا و ڕێنمایی تایبەت كاری كۆمپانیاكان ڕێك بخات كە كاڵا ھاوردەی بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان دەكەن.