سویسڕا بڕی 11 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە ئۆنروا

K24 - هەولێر

حکوومەتی سویسرا پێشنیاری بەخشینی 11 ملیۆن دۆلار بە دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لە غەززە دا، کە لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە دروست بووە.

پێشنیازی حکوومەتی سویسڕا لە دوای چەند هەفتەیەک دواخستن، ڕاگەیەندرا، نیوەی ئەو بڕە پارەیە کە سەرەتا بڕیار بوو لە ساڵی 2024 بدرێت بە ئۆنروا.

ئەندرێ سیمۆنازی، گوتەبێژی حکوومەت ڕوونیکردەوە کە ئەنجوومەنی فیدراڵی بڕیاریداوە، ساڵانە دوو جار پارە بۆ ئۆنروا خەرج بکات، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت ئەمساڵ بڕیاری دووەم دەبێت.

ئەنجوومەنی فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەشداری سویسرا بە بڕی 10 ملیۆن فرانکی سویسری بۆ ئۆنروا تەنها لە غەززەدا سنووردار دەبێت و خێراترین پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک، ئاو، شوێنی نیشتەجێبوون، چاودێری تەندروستی سەرەتایی و خزمەتگوزارییە لۆجستیکییەکان دەگرێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سویسرا "بە تەواوی ئاگاداری سروشتی سەختی دۆخەکە و دان بە پێویستی بەپەلەی گرتنەبەری ڕێوشوێندا دەنێت".

حکوومەتی سویسرا ڕاشیگەیاند، "پشتبەستنی بە شیکردنەوەی ڕاپۆرتی کۆلۆنا و هەماهەنگی لەگەڵ خێرخوازانی دیکە" لە بڕیارەکەدا، بڕیارەکەی حکوومەت هێشتا نەخراوەتە بەردەم لیژنەکانی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان بۆ ڕاوێژکاری.

لە 30ـی نیساندا، فیلیپ لازارینی بەڕێوەبەری ئۆنروای سویسری ڕایگەیاند، لە کۆی ئەو 450 ملیۆن دۆلارەی کە لەلایەن بەخشەرەکانەوە بەستراوەتەوە، 267 ملیۆن دۆلار هێشتا هەڵپەسێردراوە و زۆربەیان لەلایەن واشنتۆنەوە بووە.

حکوومەتی سویسرا ڕایگەیاند، داوای ئاگربەستی مرۆیی و گەیاندنی بێ بەربەستی هاوکارییە بەپەلەکانی بۆ غەززە کردووە، هەروەها پابەندبوون بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم بارمتەکان دووپات دەکاتەوە.