بایدن دۆخی نائاسایی سووریای بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە سەر بنەمای بەندی 202 لە یاسای باری نائاسایی وڵات بڕیاریداوە دۆخی نائاسایی لە سووریا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ بکاتەوە و حکوومەتی سووریاش بە ڕژێمێکی تیرۆریست ناودەبات و دەڵێت "بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بووەتە هەڕەشە".

جۆو بایدن دەڵێت: ئەمەریکا بەتوندی سەرکۆنەی ڕەفتاری دڕندانەی بەشار ئەسەد سەرۆکی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانی هەر یەک لە ڕووسیا و ئێران دەکات کە دژی خەڵکی ئازادیخوازن.

سەرۆکی ئەمەریکا داوا لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکات، دەست لە سەرکوتکردنی خەڵک و تاوانی جەنگ هەڵگرێت، لە بری ئەمە پەنا بەرێتە بەر پرۆسەیەکی ئاشتەوایی سەرتاسەریی و گشتگیر.

ئاماژەی بەوەشداوە، ڕژێمی سووریا پشتیوانی تیرۆر دەکات و درێژەی بە داگیرکارییەکانی بۆسەر لوبنان داوە، هەروەها بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژ و بووەتە ڕژێمێک کە هەڕەشەیە بۆ سەر ناسەقامگیریی عێراق و ناوچەکەش

 ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024 بڕیاری دۆخی نایاسایی ئەمەریکا لە سووریا کۆتایی دێت و ئیدارەی بایدن نایانەوێت کاتێکی زۆری بە سەردا تێپەڕێت و بڕیاریداوە ڕاستەوخۆ هەر ئەمڕۆ بڕیارەکە درێژ بکرێتەوە.