"ئەگەر بارسێلۆنا نەبوایە خۆسێلۆ نەدەچووە ڕیاڵ مەدرید"

خۆسێلۆ دوای تۆماركردنی گۆڵی یەكەمی بەرامبەر بایرن میونشن لە پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ 2024
خۆسێلۆ دوای تۆماركردنی گۆڵی یەكەمی بەرامبەر بایرن میونشن لە پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ 2024

 زۆرجار یانەیەك لە پێناو گواستنەوەی ئەستێرەیەك چەندان مانگ گفتوگۆ دەکات و سەدان ملیۆن یۆرۆ دەخاتە بەردەمی، بەڵام لەولاوە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێك بە كەمتر بە 2 ملیۆن یۆرۆ دەكات و یانەكەش دەگەیەنێتە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ.

دوای ڕۆیشتنی كەریم بەنزیما لە ڕیاڵ مەدرید، ترس كەوتە دڵی كاڕلۆ ئانچیلۆتی، بەوپێیەی باشترین یاریزانی جیهانی یانەكە كە ساڵی پێشووتر هەڵگری خەڵاتی تۆپی زێڕین بوو یانەكەی جێهێشت.
 ئانچیلۆتی بۆ شوێنگرەوەی بەنزیما داوای هاری كەینی كرد، وەكو ڕۆژنامەی ماركا ئەوكات باسی لێوە كرد فلۆرێنتینۆ پێرێز خەزێنەكەی بۆ كڕینی هاری كەین كردەوە و 80 ملیۆن یۆرۆی خستە بەردەمی، بەڵام گرێبەستەكە سەری نەگرت، لە بەرامبەردا ریال مەدرید بە یەك ملیۆن و نیو یۆرۆ بەشێوەی خواستن خۆسێلۆی لە ئیسپانیۆلەوە گواستەوە و بەنزیمای لەبیر هەمووان بردەوە.

چوونی خۆسێلۆ بۆ ریال مەدرید پەیوەندی بە بارسێلۆنا هەبوو
لە كۆتاییەكانی وەرزی رابردوو، بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل ڕووبەڕووی یەكتر بوونەوە، ئەوكات خۆسێلۆ یاریی بۆ ئیسپانیۆل دەكرد، سەركەوتنی بارسێلۆنا لەو یارییە وای كرد ئیسپانیۆل ماڵئاوایی لە لالیگا بكات و بۆ خولی پلەدووی ئیسپانیا دابەزێت. ئەمەش وای كرد خۆسێلۆ یانەكەی جێبهێڵێت و پەیوەندی بە ڕیاڵ مەدرید بكات. ئەوكات ڕۆژنامەی موندۆی كەتەلۆنیا رایگەیاندبوو خۆسێلۆ ئامادە نەبوو لە خولی پلە دووی ئیسپانیا یاریی بكات بۆیە یانەكەی بەرەو ڕیاڵ مەدرید جێهێشت.
 فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ شوێنگرەوەی كەریم بەنزیما لە جیاتی هاری كەین، خۆسێلۆی تەمەن 34 ساڵی بۆ ئانچیلۆتی گواستەوە، ئەمەش هیچ پێشوازییەكی لە لایەن هاندەرانەوە لێ نەكرا، بەڵام ئەو یاریزانە لە ماوەی 2 خولەك لە قۆناغی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ 2 گۆڵی لە بایرن میونشن كرد و ریاڵ مەدریدی گەیاندە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە ئەگەری بردنەوەی نازناوەكە، ریاڵ مەدرید دەبێتە خاوەنی پازدەیەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ، بەمەش ریال مەدرید بە 10 نازناوی چامپیۆنزلیگ پێش بارسێلۆنا دەكەوێت.

.