ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لێکۆڵینەوەی خێرا لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی غەززە دەکات

K24 - هەولێر

ڕۆژی هەینی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دوای دۆزینەوەی چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە دەوروبەری نەخۆشخانەکانی غەززە کە "سەدان" کەسی تێدا بە خاک سپێردرابوو، داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و خێرای کرد.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "زۆر نیگەرانن لە ڕاپۆرتەکانی دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە نەخۆشخانەکانی ناسر و شیفا لە غەززە و دەوروبەری، کە سەدان تەرمیان تێدا دۆزراوەتەوە، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ و بەساڵاچووان بوونە".

هەروەها ئەنجوومەنەکە جەختی کردەوە کە " گرنگە خێزانەکان چارەنووس و شوێنی کەسوکارە ونبووەکانیان بزانن، بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان".

 نەخۆشخانەکانی غەززە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل لە کەرتی غەززەی فەڵەستین بە چڕی بۆمباران کراون.

 سوپای ئیسرائیل حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی کە نەخۆشخانەکانی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنێت، بەڵام بزووتنەوە فەڵەستینیەکە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

لە مانگی نیسانەوە چەندان گۆڕی بەکۆمەڵ لە هەر سێ نەخۆشخانەکەی کەرتی غەززە دۆزراونەتەوە.

 لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران. هەروەها بە گوتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل، زیاتر لە 250 کەس ڕفێندراون و تا ئێستا 128 کەسیان لە غەززە دەستبەسەرن و 37 کەسیان مردوون.

 لە بەرانبەر هێرشەکەدا ئیسرائیل بەڵێنی "نەهێشتنی" حەماسی دا و لەو کاتەوە بەچڕی بۆردومانی شارەکەی کردوو و دواتر ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 34 هەزار و 943 کەس کوژراون کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.