سروە ڕەسوڵ: عێراق بەبێ وهرگرتنی ڕای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی داوە
K24- هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەبێ وەرگرتنی ڕای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاوارەکان، بڕیاری گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی داوە.
ئەمڕۆ شەممە(11ی ئایاری 2024)، سروە ڕەسوڵ، بەرێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24ی ڕاگەیاند، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گفتوگۆداین، یۆنامیش نامەیەکی فەرمی ئاڕاستە حکوومەتی عێراقی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان.
سروە ڕەسوڵ گوتی، بڕیارێکی لەو جۆرە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، لە کاتێکدایە کە ئێمە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراقی لە داڕشتنی پلانێک بووین کە لەسەرووبەندی کۆتایی هاتندا بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانیان بێ ئەوەی گۆڕانی دیمۆگرافی ڕووبدات، دەشڵێت، بەداخەوە حکوومەتی عێراق بێ وەرگرتنی ڕای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاوارەکان، بڕیاڕی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی داوە، دەڵێت، ئەو بڕیارە مەرامی دیکەی لە دواوەیە.
بەرێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکان ئاشکرای کرد، یۆنامی زۆربە چڕی چاودێری ئەو بابەتە دەکات، تەنانەت نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی حکوومەتی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی کێشەی ئاوارەکان چارەسەر بکرێت، ئینجا داوایان لێبکرێت بگەڕێندرێنەوە، سروە ڕەسوڵ ڕایگەیاند، ئێستا ئەوان وەک وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لێی ئاگادار کراوەتەوە، دەیانەوێ ڕێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزنەوە، لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکانی ئەو بڕیارە زۆر بەڕوونی خراوەتە ڕوو، دەشڵێ، ئێستا ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی بەغداین.