پاک ڕانەگرتنى شوێنە گەشتیارییەکان بووەتە گرفتێکی دیاری ناوچەکانی کوردستان

سەیرانگەی دوکان
سەیرانگەی دوکان

K24 – دوکان:

هاوینەهەوارى دوکان ساڵانە گەشتیارێکى زۆر بە مەبەستى گەشتکردن سەردانى دەکەن، بەڵام لەمێژە بەشێک لە گەشتیاران بوونەتە هۆکارى پیسبوونى ژینگەى ناوچە گەشتیارییەکە.

هاوینەهەوارى دوکان، شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە و ساڵانە گەشتیارێکى زۆر بە مەبەستى گەشتکردن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانى دەکەن، بەڵام بەشێک لە گەشتیاران بوونەتە هۆکارى پیسبوونى ژینگەى ناوچە گەشتیارییەکە و تەنانەت ئاوى بەنداوى دوکانیش کە ئەمەش ناڕەزایەتى زۆرى بە دواى خۆیدا هێناوە.

دلێر مارف، گەشتیار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، من ساڵانێکی زۆر لەدەرەوە ژیاوم ئەگەر کەسێک شتێک فڕێبداتە سەر ئەو شەقامە خەڵکی ئەو وڵاتە دێت رێگەی لێ دەگرێت و دەڵێت: "تۆ ئەو شتەت فڕێداوە ئەبێت ژینگەی ئێمە بپارێزی"، بۆیە من داوا لەهەموو کوردستانیان دەکەم ژینگە بپارێزن کە دێنە گەشت کیسی خۆڵ بهێنن وەکو ئێمە بیخەنە کیسی خۆڵەوە پاشەڕۆی خۆیان جێ نەهێڵن و بڵاوی نەکەنەوە، کە پاشەڕۆ بڵاو بووەوە واتە نەخۆشیت بڵاو کردووەتەوە.

پاراستنى ژینگە بە تەنیا کارى حکوومەت و دامەزراوەکانى دیکە نییە، بەڵکو ئەرکە گرنگەکە لەسەر شانى هاووڵاتییانە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە هاووڵاتییان هەست بە بەرپرسیارێتى دەکەن و دەڵین پاک ڕاگرتنى ژینگە کارێکى شارستانییە و داوا دەکەن ئەوانەى ژینگە پیس دەکەن ئیدى هەست بە بەرپرسیارێتى بکەن.

پاک ڕاگرتنی ژینگە کارێکی گرنگە، بەڵام پاراستنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەکان دووهێندە گرنگترە، چونکە ئەم ناوچەکە و سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکانی دیکە بۆ خزمەتی هاووڵاتییانە، بۆیە هەرخودی گەشتییاران داواکارن و هیواخوازن ئەو کەسانەی دێنە شوێنە گەشتیارییەکان کاری لە پێشینەیان پێش گەشتەکەیان پاک ڕاگرتنی ژینگەکەی بێت.