ماكرۆن پێنج هۆكار به‌ مه‌ترسیی بۆ سه‌ر كیشوه‌ری ئه‌ورووپا ده‌ست نیشان ده‌كات

ماكرۆن
ماكرۆن

K24 – هه‌ولێر:

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا چه‌ند جارێك داوای به‌هێزكردنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای كرد له‌ ڕووی سه‌ربازی، سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كان، سه‌رله‌نوێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 11ـی ئایاری 2024) ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ و ڕاسته‌وخۆی كرد و تێیدا وه‌ڵامی كۆمه‌ڵێك له‌ پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی كرابوونه‌وه‌.

ماكرۆن له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ئاخۆ ئه‌ورووپا ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی بووه‌ته‌وه‌، پێنج هۆكاری خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ یه‌كه‌میان جه‌نگی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیایه‌ و به‌ گوته‌ی ماكرۆن ئه‌گه‌ری ئه‌م درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ بۆ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا هه‌یه‌.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد، ڕووسیا خاوه‌نی ئه‌تۆم و چه‌كی دوورمه‌ودایه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش هه‌ڕه‌شه‌ی دووه‌مه‌ بۆ سه‌ر ئه‌ورووپا.

ماكرۆن هه‌روه‌ها پێی وایه‌ مه‌ترسی سێیه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌ كێبڕكێی خۆپڕچه‌ككردنی وڵاتانی جیهان نه‌خاسمه‌ ئه‌مه‌ریكا، چین، ڕووسیا و ئێران به‌تایبه‌تریش له‌ بواری ئه‌تۆمیدا.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆچوونی وایه‌ نه‌بوونی كێبڕكێیه‌كی ئه‌ورووپی له‌ پێناو ئابووریی و ته‌كنه‌لۆجیا و وه‌به‌رهێنانێكی پێویست، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و مه‌ترسییانه‌ی ڕووبه‌ڕووی كیشوه‌ره‌كه‌ ده‌بنه‌وه‌.

لێكترازان و دابه‌شبوون و مشتومڕی نێوان كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌ورووپییه‌كان كه‌ له‌ هه‌ندێك كاتدا په‌یوه‌ندییان به‌ ناكۆكییه‌كانی بواری شارستانی و په‌روه‌رده‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ لایه‌ن تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ زیاتر ده‌ورووژێندرێن، له‌ دیدی ماكرۆن یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئه‌ورووپا كه‌ خودی ئه‌و كیشوه‌ره‌ داهێنه‌ری لیبڕالیزمی دیموكراسییه‌.