بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگرەکەی کۆگای یاریی منداڵان زیانی گیانیی نەبووە

موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە وەکالەت
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە وەکالەت

K24- هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی یاریی منداڵان لە شاری هەولێر کەوتەوە و بەرگریی شارستانیی هەولێریش ئاماژە بەوە دەکات، ڕووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.

ئەمڕۆ شەممە(11ی ئایاری 2024)، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە وەکالەت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی ئاگر کەوتنەوە لە کۆگاکەی یاریی منداڵان  ڕایگەیاند، ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە زیانی گیانیی نەبووە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر داواشی لە دوکاندار و خاوەنکاران کرد، لەپێناو پاراستنی دوکان و کەلوپەلەکانیان پابەندی ڕێنماییەکان بن.

موقەدەم شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوە کرد، ئاگری کۆگاکەی منداڵان کۆنتڕۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکوتۆتەوە، تا دەرچوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوەش، هۆکاریی ئاگر کەوتنەوەکە ئاشکرا ناکەن.

رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، لە هەولێر فرۆشگایەک کە یاری و جلوبەرگی منداڵانی دەفرۆشت ئاگری گرت، هاوکات تیمەکانی بەرگری شارستانی هەر زوو گەشتنە شوێنی رووداوەکە توانییان بەشێکی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا نازاندرێت هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە چییە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تا ئێستا هیچ کەسێک بەهۆی ئاگرەکەوە بریندرا نەبووە و زەرەر و زیانەکانی باڵەخانەکەش نەزاندراون.

بە گوتەی چەند شایەتحاڵێک کە بە کوردستان24ـیان راگەیاند، هۆکاری ئاگرەکە بەهۆی مۆلیدەی کارەباوە بووە، کە لە سەربانی باڵاخانەکە ئاگری گرتووە.