سه‌فین قادر: تەنیا پزیشکانی دەرمانساز دەتوانن دەرمان بفرۆشن

سه‌فین قادر، به‌رێوه‌به‌ری چاودێریی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان
سه‌فین قادر، به‌رێوه‌به‌ری چاودێریی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

به‌رێوه‌به‌ری چاودێریی لە وەزارەتی تەندروستی، هاووڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت: هەر دەرمانێک ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لەسەر نەبوو مەیکڕن چونکە نایاساییە. ناوبراو هۆشداریشدا ئەو پەیج و کەسانەی کە بە ئۆنلاین دەرمان دەفرۆشن رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێنەوە.

سه‌فین قادر، به‌رێوه‌به‌ری چاودێریی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، دوای زیادبوونی سکاڵای هاووڵاتییان و زیادبوونی پەیجەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ فرۆشتنی دەرمانی جوانکاری، نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرانبەر هەموو ئەو کەس و پەیجانە بگرنەبەر.

به‌رێوه‌به‌ری چاودێریی لە وەزارەتی تەندروستی، ئاماژەی بەوەدا، ئەو کەسانەی کاری کڕین و فرۆشتنی دەرمان بە شێوەی ئۆنلاین دەکەن کەسی رێگەپێدراو نیین و پێچەوانەی یاساکانی وەزارەتی تەندروستی کار دەکەن.

ناوبراو هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: دەبێت هاووڵاتییان بەرچاوڕوون بن، کە تەنیا پزیشکی پسپۆر بۆی هەیە دەرمان بنووسێت، هەروەها تەنیا پزیشکی دەرمانسازیش رێگەپێدراوە بەرهەمە پزیشکییەکان لە دەرمانخانە فەرمییەکان بفرۆشێت.

سه‌فین قادر، ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن تیمەکانی چاودێریی تەندروستییەوە رۆژانە چاودێری بازاڕ دەکەن و، رۆژانە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر هێڵ دەبن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە. جەختی لەوەش کردەوە، هەر دەرمانێک ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لەسەر نەبێت با هاووڵاتییان نەیکڕن.

هاوکات روونیکردەوە، ئەو دەرمانانەی کە رێکلامیان بۆ دەکرێت بەشێکیان دەرمان نین و کەسەکە چەند ماددەیەکی کیمایی تێکەڵ دەکات و بە ناوی دەرمان دەیفرۆشێت، بەشێکیشیان دەرمانە بەڵام تێکەڵکردنەکەی زانستی نییە و کەسی بەکارهێنەر تووشی گرفتی تەندروستی دەکات.

سه‌فین قادر، گوتی: لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی رێکارەکان پەیجەکانی کڕین و فرۆشتنی دەرمان دادەخرێن، دواتر ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن و شوێنەکانیان دادەخرێت و رووبەڕووی یاسای دەکرێنەوە.

لە نووسراوێکدا کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە، داواکراوە هەموو ئەو پەیجانەی لە سۆشیال میدیا ڕێکلام بۆ "بەناو گیادەرمان، ماددەی جوانكاری ڕووخسار و پێست و ڕواندنەوەی قژ لەگەڵ بەهێزكردنی هەستە جنسیيەكان دەكەن"، دابخرێن بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستییە.

لە نووسراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەوەی ئەو پەیجانە باسی دەکەن، دوورە لە پرەنسیپی پزیشکی و دەرمانسازی و زیان بە لایەنی تەندروستی مرۆڤ و ئابووری دەگەیەنن".

هەروەها وەزارەتی تەندروستی ڕوونیکردووەتەوە: "هەندێک کەس بەناوی پزیشک و دەرمانساز بازرگانی دەکەن بەشێوەی ئۆنڵاین، ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی وەزارەتە".

وەزیری تەندروستی لە نووسراوەکەدا جەختی کردووەتەوە، پێویستە ئەو پەیج و ئەکاونتە ساختانە دابخرێن و ڕێكاری یاسایی بگيرێتە بەر دژی ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن.