ڕێژەی بێکاری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە
K24- هەولێر
نوێترین داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخات، لە زستانی ئەمساڵدا زۆرترین رێژەی بێکاریی ناوەندی شارەکانی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە، لە شارەکانی پارێزگای کرماشان و سێیەمین ڕێژەی بێکاریی لە گوندەکانی ئەو 31 پارێزگایەش، لە گوندەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.
بەپێی داتاکان، ڕێژەی بێکاری لە شارەکانی کرماشان و گوندەکانی سنە، دوو هێندەی ئەو ڕێژەیە لە شار و گوندەکانی پارێزگاکانی دیکەی ئێران هەیە.
بەپێی ئەو داتا نوێیانەی ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردۆتەوە، رێژەی بێکاریی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە زستانی 2024، گەیشتۆتە 8.6٪، بەپێی ئەو رێژەیەش، لە 100 کەس کە بەدوای کاردا گەڕاون، تەنها نۆ کەسیان کاریان دەستنەکەوتووە.
ناوەندی ئاماری ئێران ئاشکرای کردووە، ڕێژەی بێکاریی لە ناوەندی شارەکان و گوندەکانی دەورووبەریان یەکسان نەبووە و بەشێوەی تێکڕا لە ناوەندی شارەکان 9٪ و لە سنووری شارەکانیش 7.1٪ تۆمارکراوە، ئەو رڕێژەیەش بۆ هەموو پارێزگاکان یەکسان نەبووە.
هەرچەند بەراوردی ڕێژەی بێکاریی لە 31 پارێزگای ئێران دەریدەخات، ئەو ڕێژەیە لە ناوەندی شارەکانی 27 پارێزگا، لە ڕێژەی بێکاریی دانیشتوانی گوندەکانی دەورووبەریان زیاتر بووە، بەڵام لە چوار پارێزگا کە یەکیان پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانە، ڕێژەی بێکاریی خەڵکی گوندەکان لە دانیشتوانی ناو شارەکان زیاتر بووە.
داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، ڕێژەی بێکاریی لە گوندەکانی پارێزگای سنە گەیشتۆتە 14.9٪ و سێیەمین پلەی بێکارییان لەنێوان 31 پارێزگایەدا پێ بڕاوە.
بەرزترین ڕێژەی بێکاریی ناوەندی شارەکانی ئێران، لە ناوچە شار نشینەکانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە 18.4٪ بووە، واتە لەهەر 100 کەسی کرماشانی کە ویستویانە کار بکەن، 18 کەسیان بێکار ماونەتەوە.
بەپێی ئەو داتایانەی ناوەندی ئاماری ئێران، لە زستانی ڕابردوودا، یەکەمین رێژەی بێکاریی دانیشتووانی ناوەندی شارەکان لە پارێزگای کرماشان و سێیەمین ڕێژەی بێکاریی دانیشتووانی سنووری شارەکانیش، لە گوندەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.