لە هەولێر یادی 50 ساڵەی شەهیدکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی کرایەوە

لادانی پەردە لەسەر پەیکەری ئافرەتی ئازاد
لادانی پەردە لەسەر پەیکەری ئافرەتی ئازاد

K24- هەولێر

دوای پەنجا ساڵ لە سێدارەدان و شەهیدکردنی لەیلا قاسم لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی پێشووی بەعس، لە هەولێر پەردە لەسەر پەیکەری ئافرەتی ئازاد لادرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە(12ی ئایاری 2024)، دوای تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر لە سێدارەدان و شەهیدکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی، لە سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە هەولێر، پەردە لەسەر پەیکەری( ئافرەتی ئازاد) لادرا.

لە ڕێوڕەسمی ئەو یادکردنەوەیەدا کە خانەوادەی شەهید لەیلا قاسم ئامادەی بوون، پێشانگەیەک کرایەوە و بە چەندین گوتار، باس لە خەبات و ئازایەتی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی کرا.

لە یادکردنەوەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر و، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری ئافرەتان و خانەوادەکەی ئامادە بوون.

ڕژێمی ڕووخاوی بەعس دوای دەستگیرکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی، لە دادگایی کردنێکی نا دادپه‌روەرانە، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی دەركرد، بۆیە كاتژمێر 7ی بەیانی ڕۆژی 12ی ئایاری 1974، لەیلا قاسم بە جلی کوردی و ھەر چوار ھاوڕێكەی بە ناوەکانی جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان لەسێدارە دران و شەهید کران.