سەرپێچییەکانی سەر کارەبای دهۆک و هەولێر ناهێڵدرێن و 20 سەرپێچیکار سزا دەدرێن

لابردنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا
لابردنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا

K24- هەولێر

وەزارەتی کارەبا ئاشکرای دەکات، هەڵمەتی بڕین و نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا بەردەوامە و سەرپێچیکارانیش سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە(12ی ئایاری 2024)، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای دهۆک لە هەڵمەتێکدا لە بۆستانەکانی( بیتاس، تاڤەڕەش، ئەڤریک)، دەستیان بە لابردنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا کرد.

بەپێیی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کارەبا، سەرباریی لابردنی سەرپێچییەکان، 20 سەرپێچیکاری سەر ئەو تۆڕانەشیان سزا داوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، تیمەکانی کارەبای هەولێرلە بازاڕی شێخەلڵا، بەتایبەتی لە شوێنی کۆگاکانی هەڵگرتنی گۆشت و مریشک، دەستیان بە هەڵمەتێکی نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا کرد،
لە هەڵمەتەکەدا ژمارەیەکی زۆری سەرپێچیکارانی سەر تۆڕەکانی کارەبا سزا دران، دەشڵێت، شێوازی سەرپێچییەکانیان مەترسیی ڕوودانی شۆڕت و ئاگرکەوتنەوەی هەیە.
وەزارەتی کارەبا داوا لە خاوەن دووکان و کاسبکاران دەکات، خۆیان لەم سەرپێچییانە بە دوور بگرن کە زیانی بۆ سەر خۆیان و کاسبکارانی دیکە هەیە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ئاشکرای کردبوو، بەهۆی پێوەری زیرەک، توانراوە 60 هەزار 682 سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا دەستنیشان بکرێت.

هەر پێشتر، وەزارەتی کارەبا بڵاوی کردۆتەوە، پێوەری زیرەکی کارەبا تا ئێستا توانیویەتی (60،682) سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکات.

وەزارەتی کارەبا سەرپێچییەکانی لەسەر خشتەیەک دیار کردووە و ئاماژەی بەوەداوە هێڵە سوورەکان ناو و شوێنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا پیشان دەدات و تیمەکانی کارەبا بۆ لابردنی سەرپێچییەکان، ڕاستەوخۆ دەچنە شوێنی سەرپێچییەکان.

وەزارەتی کارەبا ڕوونیشیکردووەتەوە، ژمارەی سەرپێچییەکانی سەر خزمەتگوزاریی کارەبا لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە لە ڕێگەی پێوەری زیرەکەوە دەستنیشان کراون، بەمشێوەیە:

هەولێر  15،885 سەرپێچی

سلێمانی  20،676 سەرپێچی

دهۆک  17،553 سەرپێچی

هەڵەبجە  1،849 سەرپێچی

گەرمیان  4،718 سەرپێچی