کاروان سەباح هەورامی: کابینەی نۆیەم دیدگایەکی زۆر ڕوونی بۆ بابەتی ژینگە وگۆڕانکاری کەشو هەوا و ئیدارەدانی ئاو هەیە
K24- هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژە بەوە دەکات، کابینەی نۆیەم دیدگایەکی زۆر ڕوونی بۆ بابەتی ژینگە وگۆڕانکاری کەشو هەوا و ئیدارەدانی ئاو هەیە.
رۆژی یەکشەممە(12ی ئایاری 2024)، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو بە کوردستان24 ی راگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی تایبەتیی بە سێکتەری ئاو داوە و خەڵکی کوردستان ئەو جیاوازییە دەبینێت، دەشڵێت، ئالنگارییەکان لەبەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرن، بەتایبەت بڕینی بودجە لە بەغدا، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشو هەوا و وشکەساڵی.
کاروان سەباح هەورامی ئاماژەی بەوە کرد، دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان کارگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی لافاو هەبووە، دەڵێت، کابینەی نۆیەم کاری لەسەر باشتر ئیدارەدانی ئاو بە پێی ڕێنماییەکان و یاساکان و ژێرخانی ئاوی کردووە لە هەرێمی کوردستاندا، ئاماژەی بەوە کرد، سەرباریی بارانی زۆر، لافاو لە هەولێر ڕووی نەداوە، دروستکردنی پۆندیش بەرنامەیەکی دیکە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گڵدانەوەی ئاو.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو گوتی، کابینەی نۆیەم دیدگایەکی زۆر ڕوونی بۆ بابەتی ژینگە، گۆڕانکاری کەشو هەوا، ئاسایش و ئیدارەدانی ئاو هەیە، هەنگاوی زۆر گەورەش بۆ ئەوە نراوە، بەڵام کاتی پێوستە.
دەشڵێت، بەو هەنگاوانە خۆمان لەگەڵ گۆڕانکاریی کەشوهەوادا دەگونجێنین ، دەتوانین مەترسییەکان کەم بکەینەوە، بە توێژینەوەی زانستیش دەتوانین کانیە وشکبووەکان زیندوو بکەینەوە و بە کردەیی سەلماندمان.