عەبدولڕەحمان سدیق: گلدانەوەی ئاو کاریگەریی باشی بۆ ژینگەی هەرێمی کوردستان هەبووە

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی باش نراون کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای لە هەرێمەکە بەراورد بە عێراق کەمکردووەتەوە، ئەم کارانەی کە لە هەرێم بۆ ژینگە کراون لە عێراق نەکراون. هاوکات دەڵێت: ژینگەپارێزیی لە ناوچەی بارزان بووەتە کولتوور.

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەرتاسەری جیهان کاریگەرییکانی دەرکەوتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاندووە عێراق پێنەجەمین وڵاتی زیانلێکەوتووە لە جیهان کە کاریگەریی گۆڕانەکانی کەشوهەوای لەسەرە، هەروەها دەبێت عێراق زیاتر هەوڵبدات لە چۆنییەتی رەواندنەوەی ئەو هۆکارانەی کە وایکردووە عێراق پێنجەم خراپترین وڵات بێت.

لەبارەی دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگە، دەڵێت: لە رێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان ئاوێکی زۆر گلدراوەتەوە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر دابەزاندنی پلەی گەرما و چاکتربوونیی کەشوهەوا و  زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئەو گازەی کە بە درێژایی دەیان ساڵە لەگەڵ پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت دەسوتێنرێت لە عێراق بڕیاردراوە لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا نەمێنێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو غازە لە سێ شوێن دەخرێتە ژێرزەوی و هەندێکیشی بۆ بەرهەمهێناهی کارەبا دانراوە.

عەبدولڕەحمان سدیق، گوتی: وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پێمان دەڵێت، ئێمە پێچەوانەی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وازمان لە گازوایل هێناوە، بەڵکو 75%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێگەی گازەوەیە. ئەمەش سەرچاوەیەکی وزەی خاوێنە کەواتە چەند هەنگاوێکی باش لە هەرێمی کوردستان نراون، عێراق خۆی دەڵێت ئەو هەنگاوانەی کە پێی دەگوترێت چیرۆکی سەرکەوتن لە هەرێمی کوردستان نراون.

لەبارەی پاکڕاگرتنی ژینگە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، نابێت قازانجی گەشتیاریی بە زیانی ژینگە تەواو بێت، گرنگە هۆشیاری ژینگەیی هەبێت، خۆشبەخاتنە لە هەنگاوی یەکەمدا 140 پۆلیسی گەشتیاریی بۆ دەستەی گەشتوگوزار سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر دامەزراندنیان داوە، ئەمەش کارێکی باشە و لە داهاتوودا هەر کەسێک سەرپێچی بکات و ژینگە پیس بکات سزا دەدرێت.

سەبارەت بە ژینگەپارێزیی لە بارزان، عەبدولڕەحمان سدیق، دەڵێت: ژینگەپارێزیی لە ناوچەی بارزان بووەتە کولتوور، ئەم کولتوورەش پێش ئەوەی ببێت بە کولتوور هۆشیاریی هەبووە، پێش هۆشیاریش پەروەردە هەبووە، پێش پەروەردەش رۆشنبیری هەبووە، بۆیە دەبێتە دەزگاکانی راگەیاندن بەردەوام هۆشیاری ژینگەیی بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی ببێتە کولتوور لەناو هاووڵاتییان.