کوێستان محەممەد: لیستێکی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ڕەوانەی بەغدا دەکرێت
K24 – هەولێر
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، لیستی زیاتر لە 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕەوانەی بەغدا بکرێت، بە مەبەستی دیاریکردنی تەرخانیی دارایی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "داوامان لە سەرۆکی حکوومەت کردبوو، داوای تەرخانیی دارایی لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەین بۆ تۆماری نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە خۆشحاڵییەوە جەنابیان ڕەزامەندی دا و نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کرد ڕێکارەکان جێبەجێ بکەن بۆ ناردنی تۆمار و تەرخانی دارایی خاوەن پێداویستییەکان".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "وەک وەزارەتی کار هەموو زانیاری و تۆماری ناوەکانیان لەگەڵ نووسراوی سەرۆکی حکوومەت ئاراستەی وەزارەتی داراییمان کردووە، بۆ ئەوەی ئەوان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی بکەن".
بە گوتەی کوێستان محەممەد: "تۆماری نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت 13 هەزار کەس لە خۆ دەگرێت، داوا دەکرێت تەرخانی داراییان بۆ بکرێت و بخرێتە سەر ئەو لیستەی کە ئێستا زیاتر لە 75 هەزار کەسە".
وەکو ئەوەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕوونی کردەوە: "ئێستە لیستەکە بە تەواوی زانیارییەکانەوە ئامادەیە و وەزیری دارایی ئیمزای دەکات و ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، بۆ ئەوەی تەرخانیی داراییان بۆ دیاری بکرێت".