ئابووریی عێراق لە پێنج ساڵدا کەمترین گەشەی کردووە

  ئابووریی عێراق لە پێنج ساڵدا کەمترین گەشەی کردووە
  ئابووریی عێراق لە پێنج ساڵدا کەمترین گەشەی کردووە

K24 - هەولێر

لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی لە پێنج ساڵدا کەمترین گەشەی ئابوورییان هەبووە؛ عێراق لە پلەی 10ـەم دێت و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە پلەی سێیەمدایە. بەگوێرەی راپۆرتێک ساڵی 2020 عێراق لە خراپترین دۆخی ئابووریدا بووە و ساڵی 2022ـش لە باشترین دۆخدا.

ماوەی چەند ساڵێکە چەندین شەڕ و قەیران بەرۆکی جیهانیان گرتووە و کاریگەرییەکی نەرێنیان لەسەر گەشەی ئابووری وڵاتان هەبووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "سی ئی ئۆ وۆڕڵد" لەبارەی کەمترین ڕێژەی گەشەی ئابووری لە پێنج ساڵی رابردوو کە 190 وڵات لەخۆ دەگرێت، سوودان لە پلەی یەکەمدایە و گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە لە 2020 تا 2024 بە تێکڕا سەدا 5.6 پاشەکشەی کردووە. ئۆکرانیا لە پلەی دووەمی ڕیزبەندیەکەدایە و گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە لە پێنج ساڵدا بە تێکڕا سەدا 4.2 پاشەکشەی کردووە. ڤەنزوێلاش لە پلەی سێیەمدایە و گەشە ئابووریەکەی بە تێکڕا سەدا 2.5 پاشەکشەی کردووە.

لە کۆی 190 وڵاتی جیهان کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا کەمترین ڕێژەی گەشەی ئابوورییان هەبووە؛ عێراق لە پلەی 10ـەمی ڕیزبەندییەکەدایە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، لە دوای سوودان و یەمەن لە پلەی سێیەم دێت. گەشەی ئابووریی عێراق لە ساڵی 2020 تا ساڵی 2024 بە تێکڕا سەدا 0.85 پاشەکشەی کردووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی 2020 عێراق خراپترین دۆخی ئابووری لەو پێنجە ساڵەدا بەخۆیەوە بینیوە و گەشەی ئابووری سەدا 12 پاشەکشەی کردووە. لەو پێنج ساڵەدا، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراەو، عێراق لە ساڵی 2022 زۆرترین گەشەی ئابووری هەبووە و ڕێژەکە سەدا 6.9 بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە گەورەترین هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی گەشەی ئابووری لە وڵاتان بریتین لە: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید19، شەڕە هەرێمایەتییەکانی وەک هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، شەڕی ناوخۆی سوودان، شەڕ و ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تا ئێستاش بەردەوامن، هەروەها سزا ئابوورییەکان.