بیست لە سەد گه‌شه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی كەم بووەتەوە

ڕاگرتنی گه‌شته‌كانی توركیا زیانی به‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی گه‌یاندووه‌
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی

K24 - هەولێر

دەسەڵاتى فڕۆکەوانى شارستانى عێراق ڕاپۆرتێکى بەراوردکاری نێوان هەردوو ساڵی 2023 و 2022 لە سەر گەشەی فڕۆکەخانەکانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و بە گوێرەی ڕاپۆرتی دەستەکە فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ڕێژەی %20 گەشەکانی کەمی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت ئاخۆ مانگی داهاتوو سزای تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆتایی دێت یان چەندی دیکە درێژ دەکرێتەوە.

زیاتر لە ساڵیکە هیچ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانییەوە بەرەو فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان گەشتی نەکردووە و بە پیچەوانەشەوە لە وێشەوە هیچ فڕۆکەیەک بە ترانزێتیش نەهاتووە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بنیشێتەوە، هۆکارە سەرەکییەکەش سیاسییە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى شارستانى عێراق گەشەى فڕۆکەخانەکانى بەغدا، هەولێر و بەسرە زیادىان کردووە، بەڵام پێچەوانەوە فڕۆکەخانەى سلێمانى لەگەڵ ئەوەی گەشتەکانی کەمی کردووە بە ڕێژەى %20 گەشەشی کەم کردووە، نووسینگە گەشتیارییەکانیش لەم وەستاندنە زەرەرمەندى یەکەمن.

عەتا ئەنوەر، سەرۆکى لقى سلێمانى نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە زۆربەی کارەکانمان لەسەر تورکیا بەو پێیەی بەردەوام خواستی گەشتی هەیە، جا بۆ گەشتیاری، بازرگانی یان خوێندن بێت یان هەر کار و بوارێکی دیکەی بێت، ئەمانە سەرچاوەی کاری نووسینگە گەشتیارییەکان بوون، ، بۆیە هیوادارم دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی چۆن ئەم ئامارانە بڵاو دەکاتەوە لە هەوڵی ئەوەشدا بێت بۆ ڕێکخستنەوە و دەست پێکردنەوەی گەشتیەکان".

گرنگە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر وڵاتێکی دیکەدا لەسەر بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بێت بۆیە ڕەچاو کردنی سیاسەت و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەوە دەبێت کە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ئاستی ئابووری و بازرگانی ڕەچاو بکرێت بۆیە بە پێویست دەزاندرێت بەرپرسانی سلێمانی کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن، چونکە پێویستە بەرژەوەندی هاووڵاتییان لە سیاسەت دوربخرێتەوە.

دڵشاد نامیق، سەرۆکى ناوەندى چاوى کورد بۆ  پەرەپێدانی سیاسی بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو ئامارەی دەربارەی فڕۆکەخانەکان بڵاو کراوەتەوە، بەداخەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی یەک لەو فڕۆکەخانانایە کە گەشتەکانی دابەزیوە و ئاستی داهات یاخود گەشە کردنی هاتووچۆ کردنی کەمبووەتەوە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گەشتی هەرە سەرەکی ئەم فڕۆکەخانەیەو فڕۆکەخانەکانی دیکە بە گشتی بۆ تورکیایە و ئەم فڕۆکەخانەیە تورکیای لێ قدەخە کراوە ئەمە پەیوەندی هەیە بەوەی بەو سیاسەتەی کە تورکیا هەیەتی لەسەر ئێمە و لەسەر سلێمانی و فڕۆکەخانەی سلێمانی.

کەم بونەوەی ڕیژەى گەشەى فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی سلێمانی بە ڕێژەی %20 بە بۆچوونی ئەو کەسانەی کاری هێنان و بردنی گەشتیاران دەکەن پەیوەندی سەرەکی بە ڕاگرتنی گەشتی ئەم فڕۆکەخانەیە هەیە بۆ تورکیا کە ئەمەش زیانی بە فڕۆکەخانەکەو لە گەڵیشیدا بە هاووڵاتییان و داهاتی سلێمانی گەیاندووە.

حکوومەتی توركیا لە3ی نیسانی 2023 گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ سێ مانگ ڕاگرت‌، دواتر جارێكى دیكه‌ ڕاگرتنی گەشتەکانی تاوه‌كوو 3ی كانونی دووەمی 2024 درێژكردەوە، بۆ سێیەمجار لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕاگرتنەکەی بۆ شه‌ش مانگى دیكه‌ درێژ کردوەوە و بڕیارە مانگی داهاتوو کۆتایی پێ بێت، بەڵام دیار نییە بە بڕیاری کۆتایی دەدات و گەشتەکانی نێوا سلێمانی – تورکیا ئاسایی دەبێتەوە یان هێشتا درێژە بە بڕیارەکە دەدرێت.