سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق کرد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق کرد (وێنە: بارەگای بارزانی)
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق کرد (وێنە: بارەگای بارزانی)

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی ئایاری 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق كرد كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتایهاتنی ئەركەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

بە گوێرەی ڕاگەیەنداوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و هەروەها پاراستنی كولتووری پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها پێزانینی هەبوو لەو پێشوازی وئامادەكارییەی بۆ سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان گیرابووەبەر و سەردانەكەی بە مێژوویی و گرنگ وەسف كرد.

باڵیۆزی ڤاتیكان ئاماژەشی بەوەدا كە سەرباری ئەوەی گرفت و ئاڵنگاریی لە عێراقدا زۆر هەیە، بەڵام لە زۆر بواریشدا پێشكەوتن هەیە كە مایەی دڵخۆشیە و هەرێمی كوردستان و بە تایبەت شاری هەولێری بە نموونەیەك لە سەقامگیری و پێشكەوتن لەقەڵەم دا.

هەر لەو دیدارەدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق ڕایگەیاند، "گەلی ئێمە شانازی بە كولتووری پێكەوەژیان دەكات و پێویستە ئەو كولتوورە دەوڵەمەندتر بكرێت".

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، "كوردستان بە بوونی جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگی جوانە و ناكرێت بە هیچ شێوەیەك ڕێگری هەبێت لەوەی پێكهاتەكان ڕۆڵی خۆیان لە ژیانی سیاسی و پارلەمانیدا ببینن".

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.