پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەست پێ دەکات

وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار. وێنە: فەرمانگەی مێدیا و زانیاری
وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار. وێنە: فەرمانگەی مێدیا و زانیاری

K24 – هەولێر:

ڕاوێژکارێکی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەکات، دابەشکردنی زەوی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان دەگرێتەوە کە پێشتر سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی ئایاری 2024) موفیدە یونس مستەفا، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگە و مێدیا و زانیاریی ڕاگەیاند، وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەست پێ کردووە و بە مەبەستی خستنەڕووی داتاکانی فەرمانبەران و ژمارەی زەوییەکان و هەڵسەنگاندنی پێویستیی دیاریکردنی زەوییەکان لەسەر نەخشە، دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەی ئاوەدانی کردووە.

ئەو ڕاوێژکارە یاساییە، دەڵیت: کە وەزارەتەکەیان ڕێنماییی پێویستی سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی ئامادە کردووە و هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی ڕێنماییەکان زەوییان پێ دەدرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد "دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی خانەنشین دەگرێتەوە کە پێشتر لە کاتی فەرمانبەریدا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون".

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە "وەزارەتی شارەوانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی نووسراوێکەوە ڕێنماییەکان ئاراستەی ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی".

لەبارەی شێوازی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، موفیدە یونس مستەفا، گوتی: "بە گوێرەی زەویی پێویست لە سنووری هەر شارەوانییەک فەرمانبەران سەرپشک دەکرێن بەوەی زەوی لە شوێنی لەدایکبوونیان یان لە شوێنی کارکردنی ئێستایان وەردەگرن.

جەختی لەوەش کردەوە، بە گوێرەی پێویستیی بوونی زەوی و بە ڕەچاوکردنی خاڵبەندی وەک ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و باری کەسی، تیروپشک لەنێوان فەرمانبەراندا دەکرێت.

رۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.