بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی پارکێک لە شەقامێکی 150 مەتریی هەولێر کرایەوە

K24- هەولێر

بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارکێک لەسەر شەقامی 150 مەتری هەولێر بە ڕووبەری سەد و پەنجا هەزار مەتر دووجا کرایەوە، بڕیاڕیشە بەردی بناغەی پارکی ڕەشکین لە نزیک شەقامی 120 مەتری دوای دوو ڕۆژی دیکە دابندرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە(14ـی ئایاری 2024)، لە ڕێوڕەسمێکدا، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پارکێک لەسەر ڕووبەری سەد و پەنجا هەزار مەتر دووجا لەسەر شەقامی 150 مەتری هەولێر کرایەوە.

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارکەکە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتەیەکدا، سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کرد لە  بایەخدان بە سەوزایی و ژینگە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات سوپاسی ئەندازیار و فەرمانبەرانی کرد لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بۆ جوانی و ژینگە و پاک و خاوێنی هەولێر، هیوای خواست هاووڵاتیان بەشدار بن لە پاکڕاگرتنی پارکەکە.

وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند، پرۆژەی پارکەکە لەسەر ڕووبەری سەد و پەنجا هەزار مەتر دووجا پڕ لە چیمەن و گوڵ دەکرێت.

ساسان عەونی ڕایگەیاند، دوای دوو ڕۆژی دیکە بەردی بناغەی پارکی ڕەشکین لە نزیک شەقامی 120 مەتری، لە یەکتر بڕی شەقامی مووسڵ، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت دادەنرێت.

هەر لەو ڕێوڕەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، 3  ملیار و 700ملیۆن دینار بۆ پرۆژەکە تەرخان کرا، ڕاشیگەیاند، پرۆژەی پارکەکە بریتییە لە  60 هەزار داری گەورە و بچووک، 20 هەزار گوڵ و ڕووبەرێکی فراوانی سەوزایی.

گوتیشی، پلانی پارێزگایە کە ڕێژەی سەوازیی لە هەولێر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت زیاد بکەین.