ساسان عه‌ونی: له‌ ڕۆژانی داهاتوودا بەردی بناغەی پارکی ڕەشکین لە نزیک شەقامی 120 مەتری داده‌نرێت

K24- هەولێر

بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارکێک لەسەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر بە ڕووبەری 150 هەزار مەتر دووجا کرایەوە، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، له‌ ڕۆژانی داهاتوودا بڕیاڕە بەردی بناغەی پارکی ڕەشکین لە نزیک شەقامی 120 مەتری دابنرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە(14ـی ئایاری 2024)، لە ڕێوڕەسمێکدا، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پارکێک لەسەر ڕووبەڕی 23 مەتر دووجا لەسەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر کرایەوە.

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارکەکە، ساسان عەونی، لە گوتەیەکدا، سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کرد لە  بایەخدان بە سەوزایی و ژینگە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات سوپاسی ئەندازیار و فەرمانبەرانی کرد لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بۆ جوانی و ژینگە و پاکوخاوێنی هەولێر، هیوای خواست هاووڵاتیان بەشدار بن لە پاکڕاگرتنی پارکەکە.

وەزیری شارەوانی ڕاشیگەیاند، پرۆژەی پارکەکە لەسەر ڕووبەری 23مەتر دووجا پڕ لە چیمەن و گوڵ دەکرێت.

ساسان عەونی گوتیشی: دوای دوو ڕۆژی دیکە بەردی بناغەی پارکی ڕەشکین لە نزیک شەقامی 120 مەتری، لە یەکتر بڕی شەقامی مووسڵ، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت دادەنرێت.