وەزارەتی پێشمەرگە و نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا هەنگاوەکانی یەکخستنی پێشمەرگە تاوتوێ دەکەن

کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا
کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا

K24- هەولێر

پلانی دارایی بەپێی لێکگەیشتنی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە، لە پرسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەبێتە گفتوگۆی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا.

ڕۆژی سێ شەممە(14ـی 2024)، لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ کۆلۆنێڵ مایکڵ گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، بەرنامە و پلانەکانی داراییان بەپێی ناوەرۆکی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا  گفتوگۆ کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا و بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکگەیشتنی نێوانیان، هاوکات دوایین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیان لە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی یەکە و هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە تاوتوێ کرد.

وەزارەتی پێشمەرگە و نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا، دووپاتیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی کۆی پرۆسەی چاکسازیی کە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دووبارە یەکخستنەوەی هێزەکان کاری لەسەر دەکات.