سێیەم گەورەترین کۆمپانیای چین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دێتە کوردستان
K24- هەولێر
سێیەم گەورەترین کۆمپانیای چین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر، دەیەوێت بنکەیەکی پیشەسازیی وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان دروست بکات.
وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ شاندێكی کۆمپانیای گرۆواتی كۆماری چینی میللی کە پێکهاتبوون لە ئیساماو ڕووگاد، بەڕێوەبەری نووسینگەی عێراق و شاندی یاوەری، کۆبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی، لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین کراوە، لەگەڵ بەبازاڕ کردنی بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی بازرگانیی ڕایگەیاندووە، سەرەڕای تۆمارکردنی لقی کۆمپانیاکە و وەرگرتنی هێمای بازرگانی و کردنەوەی گەورەترین بنکەی پیشەسازی وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لقی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە و كار لە بە بازڕكردنی بەرهەمەكانی بكات.
بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیای ناوبراو، تایبەتمەندە لە بواری بازرگانی و دروستکردنی پێداویستییەکانی وزەی خۆر، لەگەڵ ئەوەش کۆمپانیاکە لەسەر ئاستی کۆماری چین سێیەمە و لە 180وڵات لقی هەیە.