یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی دانیشتوان کرا
K24- هەولێر
دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، گفتوگۆ دەربارەی دوایین ئامادەكارییەكانی سەرژمێریی گشتی دەکەن.
ڕۆژی سێشەممە، 14 ی ئایاری 2024، کۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بە سەرۆکایەتیی دکتۆر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی بریکاری وەزارەت و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەرۆکی فەرمانگەی مێدیا و زانیاری، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری، دەستەی ئامار و دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، پارێزگاكانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوە چوو.
بەپێی زانیارییەکان، لەکۆبونەوەکەدا وەزیری پلاندانان باسی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتیی کردووە، بەتایبەت ئەو کۆبونەوە و دیدارانەی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کراوە.
دکتۆر دارا ڕەشید گوتیشی، پێداگیریی هەرێم بۆ بەڕێوەچونی سەرژمێریەکی سەرکەوتوو ئەوەیە، ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندیی گشتیی دانیشتوانی عێراق و هەرێم بێت، بەبێ جیاوازی و بوونی هیچ مەرام و مەبەستێکی سیاسی.
ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر ئاشکرای کردووە، لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی کاری داهاتووی ئەو لێژنەیە کراوە لە هەماهەنگی و کارئاسانی بۆ دەستەی ئاماری هەرێم.
بڕیارە ڕۆژی 20 ی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق بكرێت.