بەرپرسی باڵای ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان: هەمیشە پشتیوان و هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبین
K24- هەولێر
جەنەراڵێکی هێزەکانی هاوپەیمانان بەر لە جێهێشتنی کوردستان دەڵێت، بەردەوام دەبم لە پشتیوانیی پێشمەرگە.
ڕۆژی سێشەممە(14ـی ئایاری2024)، بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە جەنەراڵ ئیکەر، بەرپرسی باڵای ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان، جەنەراڵ هام جێگرەوەی بەرپرسی باڵای ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان کۆ بووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە نیگەرانی خۆی نیشان داوە لەوەی جەنەراڵ ئیکەر، بەرپرسی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لەعێراق، کۆتایی بە ئەرکەکەی لە عێراق دێت.
وەزیری پێشمەرگە گوتیشی: ئیکەر دۆست و هاوکارێکی بەنرخی وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازیی بوو.
ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر بابەتی هەمەلایەنەی پەیوەست بە پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە و گرنگیی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیارە جەنەراڵ هام لە ئایندەییەکی نزیکدا وەک جێگرەوەی جەنەراڵ ئیکەر لە هەرێمی کوردستان دەست بەکار بێت .