پارێزگاری هەولێر: ڕێگە بە هیچ کەس و لایەک نادرێت بەدەر لە ڕێنماییە زانستی و یاساییەکان دەرمان هاوردە بکات

کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە پارێزگای هەولێرلەبارەی چاودێری و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆر و کوالێتی و نرخى دەرمان
کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە پارێزگای هەولێرلەبارەی چاودێری و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆر و کوالێتی و نرخى دەرمان

K24- هەولێر

پارێزگاری هەولێر دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، ڕێگە بەهیچ کەس و لایەنێک نادرێت بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان دەرمان هاوردە بکات.

ڕۆژی چوارشەممە(15ـی ئایاری 2024)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاودێری و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆر و کوالێتی و نرخى دەرمانی کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو، نوێنه‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، قائیمقامى ناوەند،  بەڕێوەبەرى گشتیى بازگەکانى هەرێم و بەڕێوەبەرانى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، چاودێریى بازرگانى، هۆبەى ئابوورى ئاسایشى هەولێر، پۆلیسى شارەوانى و نوێنەرانى داواکارى گشتیى،  kmca و سەندیکاى دەرمانسازان، ئامادە بوون.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە پێناوى سەلامەتىی گیانى هاوڵاتییان و بەرژەوەندى گشتیى، جەختى لە چاودێریکردنى وردى کەرتی دەرمان کردەوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، تەندروستى هاووڵاتییان لاى ئەوان لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە و ئامانجى ئەوانە وەکوو  حکوومەتى هەرێم ، باشترین و بەرزترین کوالێتی دەرمان لە شاری هەولێر و هەرێمى کوردستان دابینبکرێت، گوتیشی، نابێت ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت بەدەر لە ڕێنماییە زانستی و یاساییەکان دەرمان هاوردە بکات و هەموو جۆرە دەرمانێکى نایاسایی دەستییان بەسەردا دەگیرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر لێژنەى قائیمقامیەتی  ناوەندى هەولێر و پۆلیسى شارەوانى و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکەى ڕاسپاردووە لە هەڵمەتى چاودێریی و پشکنینی کۆگا و دەرمانخانەکان بەردەوام بن، لە هەرشوێنێک دەرمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو دەستى بەسەردا گیرا، ڕێکارى توند لەگەڵ ئەو شوێنە و خاوەنەکەى بگیرێتەبەر.

پارێزگاری هەولێر داواى لە هاو نیشتمانیان کرد، هاوکاریی تیمەکان بن و ببنە بەشێک لەگەڵ ئەوان بۆ ڕێگریی لە دەرمانى کوالێتی خراپ و ماوە بەسەرچوو.