ئەنسام بەدری: زۆربوونی دانیشتیوانی عێراق لێکەوتەی خراپی لەسەر پەروەردە و تەندروستی و ئابووری هەیە
K24- هەولێر
چالاکوانێکی مەدەنی عێراقی پێی وایە، زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق، لێکەوتەی نەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری و پەروەردە و تەندروستی هەیە.
چوارشەممە(15ـی ئایاری 2024)، ئەنسام بەدری، چالاکوانی مەدەنی عێراقی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بۆ سەرژمێریی دەبێ پرسیار لەخۆمان بکەین، ئایا ژینگەی عێراق هەمووارە بۆ گەشەکردن؟ ئەو پێی وایە ئەو گەشەکردنەی دانیشتوانی عیراق، گەشەیەکی تەندروست نییە و لێکەوتەی نەرێنیی لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی دەبێت.
ئەنسام بەدری گوتی: ئێستە وەزارەتی پلاندانانی عێراق پلانێکی هەیە بۆ ژمارەی دانیشتیوان و سیاسەتی گەشەکردن؛ بەڵام ناکرێ پلانەکە ڕاستەوخۆ جێبەجێ بکرێت بەبێ وەزارەتەکانی دیکە؛ چونکە عێراق پێویستی بە هەلیکار هەیە لەسەرووی هەموو ئەو کارانەی کە پێویستن بکریێن. دەشڵێت، ڕێژەی دانیشتوان بەرزە، پێویستە خانووی زۆر دروست بکرێن بۆ هاووڵاتیان چونکە هەندێک لە هاووڵاتیان لە ژیانێکی زۆر سەختدا دەژین. پێشی وایە زۆربوونی ژمارەی دانیشتیوان کاریگەریی لەسەر کەرتی تەندروستی و پەروەردە هەیە.