سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێردرێت
K24- هەولێر
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردۆتەوە، ڕۆژی شەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدرێت.
ڕۆژی چوارشەممە(15ـی ئایاری 2024)، بەپێی ڕاگەیاندراوێکی فەرمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خشتەی دانیشتنی ڕۆژی شەممە 18ی ئایاری 2024ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرەتا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای پشووە فەرمییەکان دەکرێت، دواتر خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی پرۆژە یاسای هەمووارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێت.
ھەر یەكە لە ھاوپەیمانی تەقەدوم و دەوڵەتی یاسا پشتیوانی لە مەحموود مەشھەدانی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەم پێیەش، مەحموود مەشھەدانی و سالم عیساوی ڕکابەریی لەسەر پۆستەکە دەکەن.
بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان لە دەست نەچێت، حزبەکەی محەمەد حەلبوسی هاوپەیمانێتیەکی نوێ لەگەڵ کوتلەی سەداڕە دروست دەکەن و مەحمود مەشهەدانی دەکەنە کاندیدی هاوبەشیان، لە بەرامبەریشدا خەمیس خەنجەر و موسەنا سامەڕای بە هامەهەنگی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان سالم عیساویان کاندید کردووە، بڕیارە ئەم کێ بڕکێیەی سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕۆژی شەممەی داهاتوو بە دەنگدانی پەرلەمانتاران یەکلابێتەوە .
خالد وەلید ئەندامی مەکتەبی بزوتنەوەی (نازل اخذ حقي) دەڵێت،پارتی تەقەدوم پانتاییەکی نوێی لەبەردەمە، لەگەڵ کوتلەی سەدر ڕێککەوتووە بۆ ئەوەی مەحموود مەشهەدانی کاندید بکەن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ئەمەش تەنها لەپێناو پاراستنی جەماوەرەکەی و کورسیەکانی پەرلەمان.
بەهۆی ناکۆکیەکانی نێو ماڵی سوونە، نزیکەی شەش مانگە موحسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەکان بەڕێوەدەبات، چەند لایەنێکی سیاسیش لە پێناو پارێزگاریکردن لە ئەو پۆستە کە پشکی سوننەکانە لە هەوڵدان بۆ یەکخستنی نێو ماڵی سونی تاکوو بە هەموویانەوە یەک کاندیدیان هەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان .
عەبدلئیلا مەشعان جێگری سکرتێری پارتی ئتیجا وەتەنی گوتی، زیاتر لە جارێک دەستپێشخەریمان کرد، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان کۆبکەینەوە و بڕیار بدەین کە یەک کاندید هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ناکۆکییەکان گەورەن لە نێوان حەلبوسی و خەنجەر و تەنانەت چوارچێوەی هەماهەنگیش، بۆشمان دەرکەوت هەڵبژاردنی سەرۆک پەرلەمان ئاسان نییە و دەستی دەرەکیشی لە پشتەوەیە.
مەحموود مەشهەدانی ساڵی 2022 ڕکابەری محەممەد حەلبووسی بوو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بھێنێت، بەجۆرێك تەندروستی تێكچوو، بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانە، ئێستا دوای نزیكەی دوو ساڵ و نیو لەو ڕووداوە، ھاوكێشەكان بە جۆرێك گۆڕانكارییان بەسەرداھاتووە، پێدەچێت بەخت یاوەری مەشھەدانی بێت.