عارف ڕوشدی: ناکرێ لەسەر دەستکەوتێکی تایبەت پرسێکی گەورە لە دەست بدەین
K24- هەولێر
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ گوڵباخ بەهرامی لە بەرنامەی کارڤەدانی سۆشیال میدیای کوردستان 24 کە ئەمشەو کاتژمێر 10 بڵاوبوویەوە گوتی، ناکرێ لەسەر دەستکەوتێکی تایبەت پرسێکی گەورە لە دەست بدەین.
عارف ڕوشدی پێی وابوو، بەرژوەندی کەسی نابێت زیان بە بەرژەوەندی باڵای وڵات بگەیەنێت، پێویستە بە ڕۆحی بەر لە ڕاپەڕین خزمەت بە وڵات بکەین.
لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش، عارف ڕوشدی گوتی، دادگا مافی یاسا دەرکردنی نییە، بەڵکو مافی ڕاڤەکردنی هەیە، دەکرا هەموو پرسەکان لە پەرلەمانی کوردستان چارەسەر بکرێ، دادگای فیدراڵی دەستکاری یاساکانی کوردستانی کردووە.
لەبارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەسەر هەڵبژاردن، عارف ڕوشدی ئاماژە بەوە دەکات، پارتی بەرپرسیارەتی خاک و خەڵکی کوردستانی لەسەر شانە، دەشڵێت، پارتی هیچ لاری لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن نییە ئەگەر 10ی حوزەیران بێت یاخود بەیانی، دەشڵێت، ئێمە نەهاتووین بڵێین هەتا ماوین سەروەر بین، هاتووین بڵێین هەتا ماوین خەبات دەکەین، پێی وایە دەنگەکانی پارتی زیاد دەکات نەوەک کەم.
لە وڵاتی ئێمە سیاسەت دووچاری تەنگەزاری بووە، ئەوە قسەکانی عارف ڕوشدی بوو، لەبارەی خواستی پارتی بۆ لێکتێگەیشتن گوتی، پارتی دەرگای کراوەتەوە بۆ رێککەوتنێکی نیشتیمانی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان
کێشەکانی نێوان و هەولێر و بەغدا، بابەتێکی دیکە بوو کە عارف ڕوشدی پێی وابوو، دەسەڵاتدارانی عێراق دەوڵەتمەدار نین و بەستراون بە ئەجندای وڵاتانی دیکە، گوتی، بەغدا کێشەی ڕێزنەگرتن لە دەستووری هەیە، دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەین بەڕێگەی دیبلۆماسی کێشەکان چارەسەر بکەین، گرنگیی وڵاتان بە هەرێمی کوردستان بەڵگەی ئەوەیە ئەو هەرێمە پێگەکەی بەهێزە
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، عارف ڕوشدی پێی وایە، ئەگەر عێراق دەیەوێت دەوڵەتداریی بکات، دەبێ مەمنوون بێت هەرێمێکی بەهێزی وەک کوردستان هەبێت.
دەڵێت، هێشتا عەقڵیەتیەکی خۆسەپێن لە بەغدا ماوە و بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی دروستبووە کار لەسەر ناشیرکردنی کوردایەتی دەکەن، دەشڵێت، هێزە سیاسییەکان نابێت پرسێکی گەورە لەدەست بدەین، ناکرێ لەسەر دەستکەوتێکی تایبەت پرسێکی گەورە لە دەست بدەین.