هەرێمی کوردستان.. لە ساڵێکدا زیاتر لە سێ هەزار کرێکار دەستەبەرکراون

K24 – هەولێر:

دەستەبەری کۆمەڵایەتی یەکێکە لەو خزمەتانەی کە حکوومەت پێشکەش بە کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەتی دەکات، ئامانج لێی پاراستنی مافی ئەو کەسانەیە کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن و دەیانەوێت وەکو کارمەندەکانی کەرتی گشتی خانەنشینبکرێن.

هاووڵاتییان بە مەبەستی رێکخستن و وەرگرتنی پارەی خانەنشینی و مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی  تایبەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەکەن، پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت، بریتییە لەو بڕە پارەیەی، کە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیدات بە کەسی دەستەبەرکراو لە کاتی کۆتایی هاتنی خزمەتەکەى لە کەرتی تایبەت، ئەگەر مەرجەکانی خانەنشینی نەیگرتەوە، یاخود لەو دۆخانەی دەقی یاسایی پشتیوان، بۆ سوودمەندبوون لەم خزمەتە دەیانگرێتەوە.

خانەنشینکردنیش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە  لە کەرتی تایبەتدا خزمەتى 30  ساڵیان تەواوکردووە. رێزمان حەکیم، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەستەبەر کۆمەڵایەتی شتێکی زۆر باشە، وادەکات تەواوی هاووڵاتییان روو بکەنە کەرتی تایبەت بۆ کارکردن.

لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا داهاتی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە دوو ملیار دینار بەرزبووەتەوە بۆ یەک ترلیۆن دینار، ھەنووكە بەشێک لە کۆمپانیاکان  یاسای کار بەکار دەهێنن  و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کارمەندەکانیان دابین دەکەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانەی زیاتر لە کەرتی تایبەتدا.

لای خۆیەوە مەریوان باکۆک، بەرێوەبەری گشتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو بڕە پارانەی کە کۆ دەکرێنەوە دەدرێتە سندووقی خانەنشینی و پاشەکەوت دەکرێن تاوەکو ئەو کاتەی کرێکاران پێویستیان پێی بێت چ بۆ مەبەستی خانەنشینی بێت، یان بۆ کۆتایی خزمەتی کارکردنی بێت لەو شوێنەی کە کار دەکات.

زیاتر لە سێ هەزار کرێکاری خۆماڵی و  هەزار کرێکاری بیانی لە ساڵی 2023 سوودمەند بوون لە پاداشتی کۆتایی خزمەتی کرێکاران، ئەمساڵیش رێژەی سوودمەند لە داهاتی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی زیاتر بووە .