مامەند محەممەد: نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ڕێگەی گەنەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە

مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر
مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە گۆشت لە دەرەوەی کوشتارگەکان نەکڕن. هاوکات دەڵێت: نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە رێگەی گەنەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و ئاژەڵ تووشی دەبێت و بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، لە ساڵی 1944 دۆزرایتەوە، زۆربەی ئاژەڵە کاوێژکارەکان تووشی نەخۆشییەکە دەبن، لە باڵندەکانیش وشترمرخ تووش دەبێت، نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ هیچ نیشانەیەکی بە دیار ناکەوێت.

بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، دەڵێت: ئەگەر گەنە لەسەر لەشی ئاژەڵ هەبێت گومان دەکرێت تووشی نەخۆشییەکە بووبێت، هەروەها نەخۆشییەکە لە ئاژەڵ بۆ ئاژەڵ لەرێگەی گەنەوە دەگوازرێتەوە، لە رێگەی گەنەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە و، لە رێگەی گۆشتی ئاژەڵی تووشبوو و دەردراوەکانیشی هەم دیسان بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

ئاماژەی بەوەدا، نەخۆشییەکە لە مرۆڤێکی تووشبوو بە ئاسانی بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی خوێنەوە، نیشانەکانیشی لەسەر جەستەی مرۆڤ؛ تایەکی بەهێز، شەکەتبوونی ماسوولکە و ئێسقانەکانی، خوێنبەربوونی ژێر پێست کە پێستەکەی ڕەش دەبێت.

مامەند محەممەد، گوتی: رێژەی مردنی مرۆڤ بەهۆی نەخۆشییەکە بە ڕێژەی 30% بۆ 40% دەبێت لە قۆناغەکانی سەرەتادا، بەڵام ئەگەر بە خێرایی چارەسەر وەرنەگرێت ئەوا رێژەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە.

ناوبراو خانمان ئاگاداردەکاتەوە کە خۆیان بپارێزن و ئاماژەی بەوەدا، خانمان کاتێک گۆشت بۆ خواردن ئامادە دەکەن دەبێت دەستکێش لە دەستبکەن و بۆ ئەوەی ئەگەر گۆشتەکە نەخۆشیەکەشی هەبوو بۆ خانمەکە نەگوازرێتەوە.

گوتیشی: نابێت لە دەرەوەی کوشتارگەکان ئاژەڵ سەرببڕدرێت، هەورەها هاووڵاتییان با گۆشت لە دەرەوەی کوشتارگەکان نەکڕن.