1800 تۆمەتبار بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیر کران
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی 1800 تۆمەتباری بازرگانیکردن بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت، ئەوانەی کە بەشێوەیەکی نا یاسایی هاتوونەتە نێو عێراق.
رۆژی شەممە(18ـی ئایاری 2024)، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی 1800 تۆمەتباری ڕاگەیاند کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە عێراق، لە کاتێکدا وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا، یاسا سزای ئەو کەسانە دەدات کە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤە ئەنجام دەدەن، هۆشداریشی دا زۆربەی کەیسەکانی ڕفاندنی منداڵان لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا ئەنجام دەدرێن.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ، عەمید سەرمەد موسەدەق ڕایگەیاند: وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هاوکات توانیوویەتی 1800 تۆمەتباری لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیر کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد ، زۆربەی ئەوانەی دەستگیرکراون پەیوەندییان بە دۆسیەی کۆچبەری نایاساییەوە هەیە بۆ عێراق، ئەو تۆمەتبارانە ڕەگەزنامەی سوریایان هەیە.