محەمەد حەسەن ساعدی: ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق ڕووی دا هەوڵێکە بۆ دروستکردنی دیکتاتۆرییەت
شرۆڤەکارێکی سیاسیی عێراقیی دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق ڕووی دا، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی دیکتاتۆرییەت.
رۆژی شەممە(18ـی ئایاری 2024)، محەمەد حەسەن ساعدی، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پەرتیی نێو ماڵی سووننە کە دوو کاندیدایان هەبوو، ناکۆکییەکانی لەنێو پەرلەمان دروست کرد، دەشڵێت، ئەو پشێویە بە ئەنقەست دروست کرا بۆ ئەوەی سەرۆکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت، گوتی، پێم وایە ئەو یارییە بۆدواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بوو لە تەقەدوم ، دەیانەوێت قەیرانەکە قوڵ بکەنەوە.
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، ئەو دواخستنە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، پێوستە دانیشتنەکە بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە، گوتی، چەند لایەنێک هەن بەتایبەت لە دەستەی سەرۆکایەتی بۆ ئەوەی ڕێگریی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بکەن، دەڵێت، هەندێک شیعە و سووننە دەستیان لە نانەوەی ئاژاوەکە هەبوو بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پەک بخەن.
محەمەد حەسەن ساعدی پێی وابوو، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی قەیرانەکە قۆڵتر بکەنەوە و پرسەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە، نایانەوێ عیساوی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، دەیانەوێت مەشهەدانی بکەن بە سەرۆک، بۆیە کردیانە پشێوی بۆ ئەوەی ساعدی نەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، دەشڵیت، ئەمە ڕێکارێکی نا یاساییە، زیاتر لە 100 ئەندام داوایان کردووە دانیشتنەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە.
دەڵێت، عیساوی ڕکابەرێکی توندی حەلبووسیە، حەلبووسی دەیەوێ وەکو سەرکردەی سووننە لە ئەنبار بمێنێتەوە، بۆیە دەنگ بە کەسێک نادات لە ئەنبار نەبێت.
گوتی، ئەوەی ڕوویدا دواکەوتنی هزری دیموکراسییە لە عێراق، بەتایبەتیش پەرلەمان کە پەیوەستە بە سەروەریی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی دیکتاتۆرییەت، ئەوەی ڕووی دا لە ماوەیەکی کەم چارە نابێت.
ئەمڕۆ شەممە (18ـی ئایاری 2024) دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پهرلهمانی عێراقدا دەستی پێ کرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد.
موحسین مەندەلاوی دەڵێت، ڕێگه بە دانیشتن نادەم تەنها به هەڵبژاردنی یەک کاندیدا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
هاوکات هەر چوار کاندیداکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بەدەست بهێنن و پۆستەکە یەکلا بکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نیوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، بەڵام گەڕی دووەمیش بە کۆتا هات، گەڕی سێیەم گرژیی و ئاڵۆزیی لێ کەوتەوە.
دەنگەکانی گەڕی دووەم بەو شێوەیە بوو؛ مەحموود مەشهەدانی 137 دەنگ، سالم عیساوی 158 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 3 دەنگ.