تاوەکوو سکاڵاکەی مەسرور بارزانی یەکلایی نەکرێتەوە، وادەی نوێی هەڵبژاردن دیاری ناکرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان (ناوەڕاست)، باڵەخانەی دادگای فیدراڵیی عێراق (ڕاست) و باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان (چەپ)
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان (ناوەڕاست)، باڵەخانەی دادگای فیدراڵیی عێراق (ڕاست) و باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان (چەپ)

سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکوو سکاڵاکەی مەسرور بارزانی لە دادگای فیدراڵی یەکلایی نەکرێتەوە، وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری ناکرێت. پێشبینیش دەکات هەڵبژاردنەکە لە نێوان 15-09 بۆ 10-10-2024 بکرێت.

درێژکردنەوەی تەمەنی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیساران

دوێنێ شەممە، 18-05-2024، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد. ئێستە لێژنەی یاسایی کار لەسەر پرۆژە یاساکە دەکات و دواتر لە پەرلەمان دوای ئەوەی خوێندنەوەی سێیەمی بۆ کرا، بە مەبەستی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەندامانی کۆمسیۆن؛ دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە دەدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-05-2024، سەربەست مستەفا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت، تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ شەش مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە.

ئامانجی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە.

 

دیمەنێکی دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق)
دیمەنێکی دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق)

 

سەربەست مستەفا پێی وایە سەرەڕای ئەوەی لە کاتی دەنگدان بە پرۆژە یاساکە، هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن کۆسپ دروست بکەن و دەنگی پێ نادەن، بەڵام لە کۆتاییدا پرۆژە یاساکە پەسەند دەکرێت و ماوەی کارکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ شەش مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر پرۆژە یاساکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند نەکرێت، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کەی دەکرێت، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "پێم وایە ئەو کات هەڵبژاردنەکە دەچێتە ساڵی 2025، بەڵام گەشبینم پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت و لە چەند مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن بکرێت".

یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

وابڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-05-2024، یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دادبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024 دواخرا.

سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، تاوەکو دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یەکلایی نەکاتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناتوانێت هیچ وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.

 

وێنەی دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دوای دەنگدان (ئەرشیف)
وێنەی دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دوای دەنگدان (ئەرشیف)

 

سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە؛ ڕێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی 11  کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکوەزیران داوای کردووە دادگاکە ئەو دابەشکارییە بە "نادەستووریی" بزانێت.

بە گوتەی سەربەست مستەفا، "بێجگە لە سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەندێک لایەنی دیکەش سکاڵایان لەسەر ژمارەی کورسیی کۆتاکان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە؛ بۆیە پێشبینی ناکەم بەمزووانە سکاڵاکە یەکلایی ببێتەوە. پێموایە لەگەڵ سکاڵاکانی دیکە یەک دەخرێت و کاتێکی زیاتری پێ دەچێت".

سەربەست مستەفا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و لایەنە سیاسییەکان، ڕۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات.

وادەی نوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 

ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی بەپەلەی (ئەمری وەلائی) دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی رێکارەکانی جێبەجێ کردنی بڕگەی دووەمی ماددەی 2ی سیستمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024.

بڕگەکە تایبەتە بە دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن کە پارێزگاکانی هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجەش سێ کورسییان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بۆ تەرخانکرابوو.

 

دەنگدانی هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکان (ئەرشیف)
دەنگدانی هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکان (ئەرشیف)

 

وەکو ئەوەی سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی عێراق باسی کرد، لە ماوەی ڕابردوودا کۆمیسیۆن بەشێکی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو کردوون، بۆیە پێیوایە سێ مانگ و نیو بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بەسە لەو ڕۆژەوەی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریی دەکرێت. گوتیشی، "پێشبینی دەکەم هەڵبژاردنەکە لە ماوەی نێوان 15-09 بۆ 10-10ـی 2024 بکرێت".

گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان

رۆژی 22-02-2024، دادگەى باڵاى فیدراڵىی عێراق 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووریی ناساندن. 11 کورسییەکە بەم شێوەیە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەشکرابوون: پێنج کورسی بۆ کریستیان، پێنج کورسی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن.

سەربەست مستەفا بە دووری دەزانێت 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێندرێنەوە؛ "ئەگەر هەندێک کورسی بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانیش تەرخان بکرێن، لە چوارچێوەی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستاندا دەبن، نەک کورسیی زیادە".

بە گوتەی سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، "زۆرینەی ئەو بڕیارانەی لەم دواییانەدا لە دژی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەرکراون، نایاسایی و پێچەوانەی دەستوور بوون و لەسەر بنەمای سیاسی دەرکراون".