سکاڵا لە دژی کۆمپانیایەکی زەبەلاحی نەوتی بەریتانی تۆمار دەکرێت

یەکێک لە نیشتەجێبووانی نزیک کێڵگەی نەوتی ڕومێلە لە پارێزگەی بەسرە، کوڕێکی بەهۆی گازی ژەهراوی ئەو کێڵگەیە بە شێرپەنجە خوێن گیانی لە دەست داوە، ئەو باوکە بەنیازە سکاڵا لە دژی کۆمپانیایەکی زەبەلاحی نەوتی بەریتانی تۆمار بکات و داوا دەکات تێچووی چارەکردنی کوڕەکەی قەرەبوو بکاتەوە، بەگوێرەی بانکی نێودەوڵەتی ساڵی 2022، عێراق لەڕووی دەردانی گازی ژەهراوی لە کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە پلەی دووەمی جیهان بووە.

حوسێن جەللود، کارمەند لە کێڵگەی نەوت، دەڵێت، "عەلیی کوڕم جێگرەوەی نییە، نە پارە و نە هیچ شتێکی دیکە دەتوانێت قەرەبووی بکاتەوە، بەڵام داوای مافی خۆم دەکەم، کاتێک نەخۆشییەکەی عەلی دەستنیشان کردا، پزیشکەکە گوتی کوڕەکەت تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە، هیچ پاشماوەی نەوت و گاز لە ئێوە نزیکە؟ گوتم لە ناوچەیەک دەژین دەوروبەرەکەی بیری نەوتی لێیە."

حوسێن خۆی لەو کێڵگە نەوتییە کار دەکات و داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکە دەکات، تێچووی چارەکردنی پزیشکی و خەرجی پرسەی کوڕەکەی قەرەبوو بکاتەوە، دەشڵێت لەبەر نەبوونی و هەژاریی، ناتوانن ناوچەکە جێبهێلن.

حوسێن جەللود، کارمەند لە کێڵگەی نەوت دەشڵێت، "%95 دانیشتووانی ئێرە کارمەند و پاسەوانن و لە نزیک شوێنی کاریان نیشتەجێن، سەرەڕای مەترسییەکان بەهۆی زۆری تێچوو و کێشەی خانوو سەختە بۆیان بڕۆنە شوێنێکی دیکە."

ڕومێلە خاوەنی گەورەترین کێڵگەی نەوتییە لە عێراق، دووری شوێنی دەردانی گازەکەی پێنج کیلۆمەتر لە دانیشتووانی ناوچەکە دوورە، لە کاتێکدا بەگوێرەی یاساکانی عێراق پێویستە بە لایەنی کەم 10 کیلۆمەتر دوور بێت، هەروەها ساڵی 2022 قەبارەی گازی ژەهراوی دەردراو لە کێڵگەکانی عێراق 18 ملیار مەتر سێجا بووە، کە لە دوای ڕووسیا لە پلەی دووەم دێت.