ئێران: گفتوگۆی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئەمەریکا هەبووە

ئاڵای ئەمەریکا (ڕاست) و ئاڵای ئێران (چەپ)
ئاڵای ئەمەریکا (ڕاست) و ئاڵای ئێران (چەپ)

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە عوممان دەسەلمێنێت.

ئاژانسی فەرمی حکوومەتی ئێران ناسراو بە "ئیرنا" لەسەر زاری ئەمیر سەعید ئیرەڤانی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، لە عوممان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا کردووە.

ئەمیر سەعید ئیرەڤانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو جۆرە گفتوگۆیانەی نێوان ئەمەریکا و ئێران یەکەم و کۆتا جار نین و پرۆسەیەکی بەردەوامە".

ئەمەش لە کاتێک دایە، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی 18ی ئەم مانگە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، برێت مەکگۆرک، ڕێکخەرى کۆشکى سپى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا و ئەیبرام پێیلی نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئێران بە وەکالەت، لە عوممان بە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پڕۆگرامی ئەتۆمیی تاران گفتوگۆیان کردووە.