سوودانی: هیچ پاساوێک بۆ زیادکردنی تەرخانی دارایی بۆ پارێزگاکان نییە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، خشتەی داهاتەکان زیاتر لە 144 ترلیۆن دینارە، هەروەها خشتەی کورتهێنانیش زیاتر لە 63 ترلیۆن دینارە، هاوکات گوتی: خشتەکانی بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکریت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە ئێستادا خشتەکانی بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر درا و پەسەند کرا، هاوکات رەوانەی پەرلەمان کرا بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی بدرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، خشتەی کورتهێنانیش بۆ ساڵی 2024 رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، کۆی گشتی داهاتەکانمان لە خشتەی یەکەم گەیشتووەتە 144 ترلیۆن دینار و زیاتر لە 300 ملیار دینار، خشتەی دووەم خشتەی خەرجییەکانە گەیشتووەتە 210 ترلیۆن دینار و 963 ملیار دینار، خشتەی کورتهێنایش گەشتووەتە 63 ترلیۆن و زیاتر لە 900 ملیار دینار.

باسی لەوەشکرد، هیچ پڕۆژەیەک بەهۆی دابینکردنی داراییەوە ناوەستێت، هەروەها بڕە پارەیەکی زۆر هەیە بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان، هەروەها حکوومەت شەو و ڕۆژ کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پڕۆژەکان، هاوکات گوتیشی: هیچ پاساوێک نییە بۆ زیادکردنی تەرخانکردنی دارایی بۆ پارێزگاکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە (19ـی ئایارای 2024) نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران دانیشنێکی نائاسایی خۆی بە سەرۆکایەتی سوودانی ئەنجامدا بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 و پەسەندکردنی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، خشتەکانی بودجەی گشتی 2024 رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێن.