عیماد جەمیل: کۆمیسیۆن ناتوانێت لەو وادەیەی دیاری کراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت و دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن بدرێت.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، کۆمیسیۆن ناتوانێت لەو وادەیە کە دیاری کراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببات، پێویستە رێککەوتنێک لەسەر وادەیەکی نوێ هەبێت.

ئاماژەی بەوەدا، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئەنجامداوە، کەواتە درێژکردنەوەکە ئەگەر بکرێت بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت تاوەکو سەرپەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کودرستان بکات لەو وادە نوێیەی کە دیاری دەکرێت.

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: چوار مانگمان بەسە بۆ ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە پێشتر کۆمیسیۆن بەشێک لە رێکارەکانی جێبەجێ کردووە.

عیماد جەمیل، باسی لەوەکرد، هێشتا کات ماوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن، ئەگەر تەمەنی درێژ بکرێتەوە ئەوا دەتوانێت  هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.

گوتیشی: پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوو  لە دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن بدرێت.

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە، دیاری کردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەو بۆ رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆن.