15 تیم بە سەگی تایبەت لەچارەنووسی ڕەئیسی دەگەڕێن
لەکۆی 65 تیمی گەڕان و بەدواداچوون، 15 تیمی تایبەت بە سەگی تایبەت لە چارەنووسی ئیبراهیم ڕەئیسی و تیمەکەی دەگەڕێن.
مانگی سووری ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، بۆ خێراکردنی گەڕان بەدوای هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران لە شەودا، ژمارەی تیمەکانی فریاکەوتن بۆ 65 کەس بەرزبووەتەوە.
هێلیکۆپتەرێک کە سەرۆکی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێرانی تێدابوو، ڕۆژی یەکشەممە لە کاتی فڕینیدا بەسەر ناوچەیەکی شاخاویدا لە کەشێکی تەماویدا کەوتە خوارەوە.
مانگی سووری ئێران ئاماژەی بەوەدا ،15 تیمی ڕێکخراوەکەیان سەگی گەڕان و ڕزگارکردن بەکاردەهێنن بۆ گەڕان لە ناوچەی ڕووداوەکە.
وەزیری ناوخۆی ئێران ئەحمەد وەحیدی ئاماژەی بەوەدا، هێشتا نەگەیشتوونەتە خاڵی ئامانجی ڕووداوەکە.
وەزیری ناوخۆی ئێران گوتی،دوای ڕووداوەکە، هەموو هێزەکان بۆ گەڕان بەدوای هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆکرانەوە لەگەڵ سوپای پاسداران، فەرجا، مانگی سوور، هێزەکانی گەل و هەموو گوندنشینەکان، بە شێوەیەکی ورد لە شوێنی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆک دەگەڕێن.