تاریق زوبەیدی: چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە حزبی تەقەدوم وەربگرێتەوە

تاریق زوبەیدی، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا
تاریق زوبەیدی، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا

K24 – هەولێر:

مامۆستایەکی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا، گوتی: ئەگەر  رێککەوتنێکی راستەقینە هەبایە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوا پاڵپشتی یەک کاندیدی دەکرد کە رێککەوتنی لەسەر کراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئەوەی دەبینین ئەوانیش دابەش بوونە.

تاریق زوبەیدی، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەوڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، بەداخەوە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان ئامادە نین چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە بۆ کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تەنیا دەڵێن "ئەمە کێشەی سووننەکانە".

باسی لەوەشکرد، ئەگەر هاتبایە رێککەوتنێکی راستەقینە هەبایە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوا پاڵپشتی یەک کاندیدی دەکرد کە رێکەوتنی لەسەر کراوە، بەڵام ئەوەی دەبینین ئەوانیش دابەش بوونە.

هاوکات ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە حزبی تەقەدوم وەربگرێتەوە و، بۆیە بەردەوام کاندیدی حزبی تەقەدوم رەت دەکەنەوە.

رۆژی شەممە (18ـی ئایاری 2024) دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مانی عێراق دەستیپێکرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد.

هاوکات هەر چوار بەربژێرەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بدەست بهێنن و پۆستەکە یەکلابکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نیوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، بەڵام گەڕی دووەمیش بە کۆتا هات، بڕیار بوو گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دروستووبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتاران، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.

د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، هێشتا هۆشیارییەکی دیموکراسی لە عێراقدا بەرپا نەبووە، یەکلاکردنەوەی کێشەکان پێویستی بە کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، ناکۆکێ نێو ماڵی سوونە یەکێکە لە هۆکارەکانی رێکنەکەوتنیان لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدابوو، چوارچێوەی هەماهەنگی پێیان باشە دۆخی پەرلەمان هەر بەو شێوازەی ئێستا بمێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت لای شیعەیە، جێگری یەکەمیش هەر شیعەیە، لە هەندێک لێدوانی نافەرمی باس لەوە کراوە، شیعە زۆرینەن لە عێراق و پێویستە هەر سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق بۆخۆیان بێت.