ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە کولێجی جەنگیی ئاسمانی AY24 لە ئەمریکا تەواو کرد
ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ 150 ئەفسەری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کولێجی جەنگیی ئاسمانی AY24 لە ئەمریکا تەواو کرد.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، موقەدەم ئەرکان ئەحمەد ڕۆژبەیانی، ئەفسەر لەوەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماوەی سالێک شانبەشانی 150 ئەفسەری ئەمریکی لە ڕشتەی سەربازیی جیاواز لە هێزەکانی(فڕوکەوانی، پیادە، دەریایی,مارێنز) و 20کارمەندی بەشی ئەمنی ئەمریکی و 48 ئەفسەری نێودەوڵەتی لە وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەشدارییان لەخولێکی کولێژی جەنگیی ئاسمانیی AY24 لە ویلایەتە یەکگریووەکانی ئەمریکا، ویلایەتی ئەلەباما،شاری مونتگومێری( بنکەی ئاسمانی ماکسوێل) کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ئامانجی ئەم خولە بریتیە لە پێگەیاندن و ئامادەکردنی ئەفسەر و کارمەندی ئەمنیی بۆ خزمەتکردن لەسەر ئاستی بەرگریی ستراتیجی.
خولەکە لەبارەی تیۆریی و لێکۆڵینەوە بووە لە ئاستی ستراتیژیی بەرگریی لە بوارەکانی بنەما و ستراتیژیی سەربازیی، ستراتیجیی فەرماندەیی، پێشبڕکێی سەربازیی جیهانی نێوان زلهێزەکان، ئالنگارییە ئەمنییەکانی ئێستای جیهانیی، پەیوەندیی سەربازیی-سیاسیی.
مقدم ئەرکان، لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات، ناوی پێشمەرگە ڕێزێکی تایبەتی هەیە لە لای ئەفسەرە ئەمریکییەکان، دەشڵێت، قوربانییەکانی گەلی کورد و پێشمەرگە هەموو کاتێک لە پێش چاو وەرگیراون.
ئەرکان ئەحمەد ڕۆژبەیانی، یەکەم ئەفسەری کوردە بەشداریی لەم خولە بکات و بە سەرکەوتوویی تەواوی بکات.