سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران مردوون

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "میهر"ـی، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران مردوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی ئایاری 2024، ئاژانسی "میهر"ـی ئێرانی ڕایگەیاند، دوای زیاتر لە 18 کاتژمێر گەڕان  ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران، هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ئێران،  بە تێکشکێنراوی دۆزراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئەو ئاژانسە، سەرۆککۆماری ئێران بە یاوەری حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ محەممەد عەلی هاشم، ئیمام جومعەی تەورێز، مەلەک ڕەحمەتی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، تیمی هەلیکۆپتەرەکان و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە، کە ژمارەیان 9 کەسە مردوون. بەڵام تاکو ئێستە حکوومەتی ئێران ئەم هەواڵەی نەسەلماندووە.

پاش نیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار کە وەزیری دەرەوەی ئێران و دوو بەرپرسی باڵای پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات هاوڕێی بوون، لە باکووری ئەم پارێزگایە و لە ناوچەیەکی شاخاوی و لە ناو دارستانێکی چڕدا کەوتە خوارەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازەربایجان لەسەر خاڵی سفری سنووری نێوان دوو وڵات و کردنەوەی بەنداوێک، بە کۆپتەر بەرەو شاری تەورێزی ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دەچوو. شاندەکە لە سێ کۆپتەردا بوون. لەم سێ کۆپتەرە تەنیا ئەو کۆپتەرەی سەرۆککۆماری تێدا بوو کەوتووەتە خوارەوە.

هەواڵەکە کاتژمێر04:00ـی پاش نیوەڕۆ ڕاگەیاندرا و هەر خێرا تیمەکانی فریاکەوتن بەرەو شوێنەکە بەڕێکەوتن بۆ دۆزینەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار لەو ناوچە شاخاوییە سەختە کە دارستانەکانی ئەرەسبارانی لێ هەڵکەوتووە کەوتووەتە خوارەوە. کە بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و تەمومژی چڕ لە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆدا بووە.

ناوەندی کۆنترۆڵی قەیران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و مانگی سووری ئیران 46 تیمیان بۆ دۆزینەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار و هاوڕێیانی ڕێکخست، 15 تیمی تایبەتی گەڕان و پشکنینیش کە سەگی ڕاهێنراویان لەگەڵە لەم هەڵمەتەدا بەشدار بوون.