بڕیارە محەممەد موخبر یەکەم جێگرەوەی ڕەئیسی  پۆستی سەرۆکایەتیی ئێران وەربگرێت

محەممەد خوبەر، جێگرەوەی سەرۆککۆماری ئێران
محەممەد خوبەر، جێگرەوەی سەرۆککۆماری ئێران

دوای ئەوەی سەلمێنرا کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و کەسانی دیکە لە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکدا لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە گیانیان سپاردووە. دوای سەلماندنی ئەم هەواڵە، بڕیارە محەممەد موخبر یەکەم جێگرەوەی ڕەئیسی،  پۆستی سەرۆکایەتیی ئێران وەربگرێت .

محەممەد موخبر کێیە؟

محەمەد موخبەر تەمەنی 68 ساڵە، خاوەنی دوو بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردن.

سەرۆکایەتیی کۆمیتەی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام خومەینی کردووە کە دامەزراوەیەکی حکوومییە و تایبەتە بە کاروباری خێرخوازی. هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێکار و جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای پەیوەندییەکانی خوزستان بووە.

لە ساڵی 2010 یەکێتیی ئەورووپا بە هۆی پێوەندی بە بەرنامەی مووشەکی ئێرانەوە ناوی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

لە مانگی یەکی ساڵی 2021 لەلایەن گەنجینەی ئەمەریکاوە خرایە لیستی سزاکانەوە.

لە مانگی ئابی 2021، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران وەک جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری هەڵبژارد.

دەستووری ئێران:

بە پێی دەقی ماددەی 113ـی دەستووری ئێران، سەرۆککۆمار لە دوای پۆستی ڕێبەر، بە باڵاترین بەرپرسی وڵات دادەنرێت.

لە ماددەی 113دا هاتووە، سەرۆککۆمار بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی دەستوور و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

هەروەها لە ماددەی 131 دا هاتووە، لە ئەگەری مردن، نەبوونی، یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆماری ئێران، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەسەڵات و ئەرکەکانی سەرۆککۆمار لە ئەستۆ دەگرێت.

هەروەها لە ماددەی 131ـی دەستووردا هاتووە، ئەنجوومەنێک پێکدەهێنرێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ لە ماوەی 50 ڕۆژدا.