باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق: کۆمپانیاکانمان داوای بەرتیلیان لێ کراوە

کریستیان هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ڕای گەیاند، ساڵانێکی زۆرە، زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکانی عێراق لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتەکانی عێراقەوە ڕوووبەڕووی هەراسانکردن و داوای بەرتیل دەبنەوە، بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستی جێبەجێکردن و وەبەرهێنان، ئەمەش عێراقی خستۆتە لیستی ئەو وڵاتانەی کە ژینگەیەکی مەترسیداریان هەیە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.

دوای هەشت مانگ لە وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، کریستیان هۆمان، لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: وەبەرهێنەری ئەڵمانی هەیە کە داوایان لێکرابوو جۆرێک بەرتیل بدەن لە بەرامبەر بەدەستهێنانی گرێبەستی وەبەرهێنان، بەڵام پارەیان نەدا؛ بەو پێیەی ئەو بابەتە لە وڵاتی ئێمەدا نایاساییە و ئەگەر وا بکەن سزا دەدرێن".

باڵیۆزەکە پێی وابوو کە ئەمە "دەبێتە هۆی ئەوەی پرسی وەبەرهێنان لەرزۆک بێت، کۆمپانیاکانیش ئەمە قبوڵ ناکەن و وایان لێ دەکات لە عێراق بکشێنەوە".

هۆمان ڕەتیکردەوە وەڵامی پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بەو کەسانەی کۆمپانیاکان هەراسان دەکەن و بەرتیلیان لێ وەردەگرن، ئایا ئەوان بەرپرسی باڵای وەزارەتەکانن یان گروپی دەرەوەی یاسان؟ ئاماژەی بەوەش کرد، "پرسەکە هێشتا بەردەوامە و زۆربەی کەرتەکانی حکوومەت لە عێراق دەگرێتەوە و دەبێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

سەبارەت بە ئاستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سەردەمی محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەندامێکی پەرلەمان لە لێژنەی دەستەی دەستپاکی دەڵێت: "ئەوەی لە میدیاکان دەیبیستین لە گەندەڵی زۆر زیاترە لەوەی کە لە ڕاستیدا هەیە، بەرەنگاربوونەوەی ئەوەندە ئاسان نییە کە چاوەڕوان دەکرا؛ گەندەڵکاران زۆربەی جومگەکانی دەوڵەتیان کۆنترۆڵ کردووە.